لووتکەی ئەمازۆن بێ پلانی نەهێشتنی نەوت و گاز کۆتاییهات


رووداو دیجیتاڵ

وڵاتانی جیهان لە لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP30) لە دارستانی ئەمازۆن گەیشتنە رێککەوتن، بەڵام رێککەوتنەکە ئەو پلانەی تێدا نییە یەکێتیی ئەورووپا داوای دەکرد بۆ ئەوەی بە یەکجاری واز لە بەکارهێنانی سووتەمەنییەکانی نەوت، گاز و خەڵووز بهێنرێت.
 
نزیکەی 200 وڵات دوای دوو هەفتە لە گفتوگۆی چڕ لە شاری بێلێمی بەڕازیل، بە کۆدەنگی رێککەوتنەکەیان پەسند کرد. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە لووتکەکەدا بەشدار نەبوو. 
 
یەکێتیی ئەورووپا و چەند وڵاتێکی دیکە گوشاریان دەکرد بۆ ئەوەی "نەخشەڕێگەیەک" دابنرێت تاوەکو بەپێی کات واز لە نەوت و گاز بهێنرێت، بەڵام ئەم دەستەواژەیە لە نێو رێککەوتنەکەدا نەنووسراوە.
 
لە جیاتی ئەوە، رێککەوتنەکە داوا لە وڵاتان دەکات "بە ویستی خۆیان" هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی کەشوهەوا خێراتر بکەن.
 
یەکێتیی ئەورووپا پێشتر هۆشداریدابوو ئەگەر باس لە نەهێشتنی نەوت و گاز نەکرێت رێککەوتنەکە واژۆ ناکات، لە کۆتاییدا بە ناچاری بە دەقە لاوازەکە رازی بوو.
 
وۆپکە هۆکسترا، کۆمیسیاری کەشوهەوای یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: "نایشارینەوە کە پێمان خۆشبوو رێککەوتنەکە بەهێزتر بوایە، بەڵام پشتیوانی دەکەین چونکە لانیکەم بە ئاراستەیەکی راستدا دەڕوات."
 
کێ رێگر بوو؟
 
وەزیرێکی فەرەنسا ئاشکرای کرد کە وڵاتانی وەک سعودیە و رووسیا، کە دەوڵەمەندن بە نەوت، لەگەڵ هیندستان بەرهەمهێنەرێکی گەورەی خەڵووز، لەپاڵ چەند وڵاتێکی دیکە، رێگربوون لەوەی بڕگەی "وازهێنان لە سووتەمەنی" لە رێککەوتنەکەدا بنووسرێت.
 
ئەم دوو هەفتەیەی لووتکەکە لە بەڕازیل بەبێ کێشە تێنەپەڕی؛ خۆپێشاندەران رێگەی چوونەژوورەوەیان گرت و تەنانەت رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 20-11-2025 ئاگرێکیش لە شوێنی کۆبوونەوەکە کەوتەوە.
 
پارە و بازرگانی
 
وڵاتە هەژار و تازەپێگەیشتووەکان داوایان دەکرد وڵاتە دەوڵەمەندەکان پارەی زیاتریان پێبدەن بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی لافاو و وشکەساڵی ببنەوە. لە کۆتاییدا رێککەوتن کرا کە دەبێت تاوەکو ساڵی 2035 بڕی ئەو هاوکارییە داراییانە سێ هێندە زیاد بکرێت.

 

نوێنەری چین لە لووتکەکە گوتی: "من بە ئەنجامەکە دڵخۆشم. لە دۆخێکی زۆر سەختدا گەیشتینە ئەم رێککەوتنە و ئەمەش سەرکەوتنە."