ترەمپ دەڵێت پێشنیازەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا دوا پلان نییە


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی شەممە 22-11-2025 رایگەیاند، پلانەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا، دوا پێشنیاز نییە و هیواخوازە "بە هەر شێوەیەک بێت" شەڕەکە بوەستێت، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەکرێت گۆڕانکاری لە پلانەکەدا بکرێت، دوای ئەوەی لە لایەن ئۆکراینا و پشتیوانە ئەورووپیەکانییەوە رەخنەی لێ گیرا. 
 
پلانەکە داوا لە ئۆکراینا دەکات دەستبەرداری خاکێک بێت، سوپاکەی کەم بکاتەوە و بەڵێن بدات قەت نەچێتە نێو ناتۆوە.
 
کاتێک لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە پرسیاری ئەوەی لێ کرا ئایا پێشنیازە 28 خاڵییەکەی، "دوا پێشنیازی تۆیە بۆ ئۆکراینا؟"، ترەمپ لە وەڵامدا گوتی: "نەخێر." گوتیشی: "هەوڵ دەدەین کۆتایی پێ بهێنین. بە جۆرێک لە جۆرەکان دەبێت کۆتایی پێ بهێنین."
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، پێشوازییەکی ساردی لە پلانەکە کردووە  و رایگەیاندووە "جێگرەوەیەک" پێشنیاز دەکات.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکانی پلانەکە بکات، بەڵام ئەگەر کیێڤ رەتیبکاتەوە، ئەوا خاکی زیاتری کۆنترۆڵ دەکەن.
 
رۆژی هەینی، ترەمپ گوتی کە 27ـی تشرینی دووەم، کە لە ئەمریکا جەژنی سوپاسگوزارییە، کاتێکی "گونجاوە" بۆ ئەوەی زیلینسکی رێککەوتنەکە پەسەند بکات، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە رەنگە وادەکە نەگۆڕدرێت.
 
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "دەبێت بە دڵی بێت، ئەگەر بە دڵی نەبوو، ئەوا دەبێت بەردەوام بن لە شەڕکردن. کاتێک هەر دێت کە دەبێت شتێک قبووڵ بکات."
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بڕیارە رۆژی یەکشەممە لە جنێڤ بن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پلانەکە، وەک بەرپرسێکی ئەمریکی بە فرانس پرێسی گوتووە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی ئەورووپاش بگەنە سویسرا.