بەرزترین خەڵاتی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەڵمانیا بە ئەکادیمیستێکی کورد دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک ئەکادیمیست و نوێنەری حکومەتی ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستان، لە ئەڵمانیا خەڵاتی شایستەیی سەرۆکایەتیی ئەڵمانیا بۆ ئەمساڵ کە بەرزترین خەڵاتی سەرۆککۆماری وڵاتەکەیە، درایە فریاد فازڵ، ئەکادیمیستی کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە.
فریاد فازڵ خاوەنی دوو فەرهەنگی گەورەی "ئەڵمانی-کوردی" و "کوردی-ئەڵمانی"یە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانیی کوردی و نزیکەی 20 ساڵی بۆ ئامادەکردنیان تەرخانکردووە و، 200 هەزار وشە لەخۆدەگرێت، بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی زمانی کوردی و ئەڵمانی هەژمار دەکرێت.
ئولریکە گۆتە، وەزیری زانست و تەندروستیی هەرێمی بەرلین لە رێوڕەسمی پێدانی خەڵاتەکە بە ئەکادیمیستە کوردەکە رایگەیاند، "لەنێو کۆمەڵە کوردییەکانی ئەڵمانیا و ئەوروپا ئێو دەنگێکی زۆر رێزلێگیراو و شایستەن. هەروەها وەک دەنگێکی شاعیرانە رێز لە ئێوە دەگیرێت. دەنگێکی شاعیرانە بۆ نەتەوەی کورد وەک دەنگێک لەپێناو زمان و وێژەی کوردی. ئێو دیوانی شیعر و پەخشانەکانی خۆتان بە کوردی چاپکرد و دواتر وەرتانگێڕایە سەر زمانی ئەڵمانی. بۆ رێزگرتن لەو خزمەتەی کردووتانە سەرۆککۆمار خەڵاتی میدالیای خزمەتکردنی فیدراڵیتان پێدەبەخشێت و ئەمڕۆ من پێشکێشتانی دەکەم."
خەڵاتەکە ناوی "بۆندس فێردینتس کرویتس ئام باندە - Bundesvderdienstkreuz am Bande" کە بەرزترین خەڵاتە لەسەر ناوی سەرۆککۆماری ئەڵمانیا دەبەخشرێت. خەڵاتەکە ساڵانە دەدرێتە کەسانێک کە خزمەتیان لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵ و لێبووردەیی لەنێو کۆمەڵگەی جیاواز کردووە، هەروەها ئەوانەی لە بوارەکانی خۆیاندا خزمەتی بێوێنە و زۆریان گەیاندووە.
فریاد فازڵ عومەر، سەرۆکی ئینستیتیوتی لێکۆڵینەکانی کوردی لە بەرلین بە رووداوی گوت، "من ئەم کارەم بۆ ئەوە نەکردووە کە ئەمڕۆ خەڵاتێکم پێ ببەخشرێ، بەڵام سوپاسی ئەوانە دەکەم کە درکیان بە کارەکە کردووە کە هەستیان بەوە کردووە من پردێکم دروستکردووە لە نێوان کوردستان کە وڵاتێکە بە فەرمی تائێستا لەسەر نەخشەی دنیا نییە، بەڵام ئێمە دروستمان کردووە، بەوە دروستمان کردووە کە زمانی کوردیمان لە ئاستی زانکۆکانی ئەوروپا گەیاندووەتە پلەیەک هاوشانی زمانی فارسی و عەرەبی و تورکییە."
ئەو ئەکادیمیست و زمانزانە کوردە لە ساڵی 1988ـەوە ئینیستیتیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین دامەزراندووە و هەزاران کتێب و سەرچاوەی بە چەندین زمان تێدایە، جگە لەوە، داستانی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بۆ هەردوو زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی وەرگێڕاوە و پێش ئەوەش دیوانی عەبدوڵڵا گۆرانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی و چەندین رۆمان و نووسینی دیکەی لە بواری زماندا هەیە.
خەڵاتی شایستەیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەڵمانیا لە ساڵی 1951ـەوە دەبەخشرێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 261 هەزار کەس وەریانگرتووە و بەو کەسانە دەدرێت کە دانیشتووی ئەڵمانیان.
فریاد فازیل، لە 11-9-1950 لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1974 ماستەری لە زمانی کوردی لەو زانکۆیە وەرگرتووە.
یەکێک لە هۆکارەکانی پێدانی خەڵاتی شایستەیی بە فریاد فازیڵ، ئەو فەرهەنگە کوردی-ئەڵمانییەیە کە هەیەتی و بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی هەردوو زمانەکە دادەنرێت، جگە لەوە چەندین خزمەتی لە دەرەوەی زانکۆ لە بواری لێبووردەیی هەیە.