ژیرى دەستکرد بووەتە کێشە بۆ گۆرانیبێژان و میوزیکژەنان
رووداو دیجیتاڵ
ئیمیلی پۆرتمان، گۆرانیبێژێکی ناسراوە و ماوەی سێ ساڵە هیچ بەرهەمێکی نوێی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لەم دواییانەدا بەهۆی ئەلبوومێکی "ساختە"وە هەمووانی سەرسام کرد.
ئیمیلی چیرۆکەکەی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: "گوێگرێک ئاگاداری کردمەوە کە ئەلبوومێکی نوێ بە ناوی منەوە بڵاوکراوەتەوە. کاتێک بەدوایدا چووم، بۆم دەرکەوت ئەلبوومەکە بە تەواوی دروستکراوی ژیریی دەستکردە."
بەگوتەی ئەو هونەرمەندە، تەکنەلۆژیاکە لەسەر ئەلبوومەکانی پێشووی راهێنراوە و بە وردی لاسایی دەنگ، ئامێرە مۆسیقییەکان و تەنانەت شێوازی تێکستەکانیشی کردووەتەوە.
ئەم کێشەیە تەنیا رووبەڕووی ئیمیلی نەبووەتەوە. پۆڵ بێندەر، میوزیکژەن، ئاماژە بە ئەزموونێکی هاوشێوە دەکات و دەڵێت: "سەرەتای ئەم ساڵ، چەند گۆرانییەکی ساختە بە ناوی منەوە دەرکەوتن. من ئەو گۆرانیانەم دروستنەکردبوو. زۆر سەیر و سەمەرە بوون و لابردنیشیان لە پلاتفۆرمەکان کارێکی زۆر زەحمەت بوو."
مەترسییەکە لێرەدا کۆتایی نایەت؛ بەگوێرەی توێژینەوەیەکی نوێی دامەزراوەی ئیپسۆس، زۆرینەی گوێگران ناتوانن گۆرانییە بەرهەمهاتووەکانی ژیریی دەستکرد لە گۆرانییە رەسەنەکان جیا بکەنەوە. ئەمەش وایکردووە هەزاران گۆرانیبێژ و میوزیکژەن لە سکاڵانامەیەکدا داوا لە پلاتفۆرمەکانی میوزیک بکەن رێوشوێنە ئەمنییەکان دژی ساختەکاریی ژیریی دەستکرد تووندتر بکەن بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتیی هزریی هونەرمەندان.
بەرنامەیەکی "لەگەڵ رەنج"ی رووداو تایبەت بوو بەم بابەتە کە چەندین هونەرمەندی ناودار بۆچوونی خۆیان لەو بارەیەوە خستەڕوو؛ لە خوارەوە دەتوانن تەواوی بەرنامەکە ببینن: