نێجیریا: ناکۆکییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا چارەسەر کردووە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی نێجیریا رایدەگەیێنێت، ئەو گرژییە دیپلۆماسییانەی بەهۆی "تووندوتیژیی ئایینی" و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپەوە لەگەڵ ئەمریکا دروست ببوون، تاوەکو رادەیەکی زۆر چارەسەر کراون.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 22-12-2025 محەممەد ئیدریس، وەزیری راگەیاندنی نێجیریا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ناکۆکییە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تا رادەیەکی زۆر لە رێگەی دیالۆگێکی چڕ و پڕ لە رێزەوە چارەسەر کراون، ئەمەش بووەتە هۆی بەهێزبوونی هاوبەشیی نێوانمان."
 
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەمی ساڵی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ هێرشی تووندی کردە سەر حکومەتی نێجیریا و رایگەیاند، کریستیانەکان لەو وڵاتە رووبەڕووی "هەڕەشەی لەنێوبردن و کۆمەڵکوژی" بوونەتەوە، تەنانەت هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازیشی کردبوو.
 
حکومەتی نێجیریا و چاودێران رەتیدەکەنەوە تووندوتیژییەکانی وڵاتەکە "چەوساندنەوەی ئایینی" بێت. ئەوان دەڵێن، ململانێکان لەو وڵاتەدا ئاڵۆزن؛ لە باکووری رۆژهەڵات جیهادییەکان و لە باکووری رۆژئاوا گرووپە چەکدارە "رێگرەکان" بەبێ جیاوازی موسڵمان و کریستیانەکان دەکەنە ئامانج، لە نێوەڕاستی وڵاتەکەش پێکدادانی ئاژەڵداران و جووتیارەکان لەسەر زەوی و سەرچاوەکانە نەک ئایین.
 
سەرەڕای راگەیاندنی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان، بەڵام هێشتا نێجیریا لە لیستی "نیگەرانیی تایبەت"ـی واشنتن دایە سەبارەت بە پێشێلکردنی ئازادییە ئایینییەکان؛ هەروەها هەفتەی رابردوو نێجیریا خرایە نێو ئەو وڵاتانەی ئیدارەی ترەمپ سنووردارکردنی ڤیزا و کۆچبەری بەسەردا سەپاندوون.
 
وەزیری راگەیاندنی نێجیریا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، واشنتن بڕی 2.1 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ کریستیانەکان و ئەم هەنگاوەش بە "جەختکردنەوە لە بەهێزیی پەیوەندییەکانیان" وەسف دەکات.