نەرویج هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی سەردانی ئێران نەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەقز کە هەڵگری رەگەزنامەی نەرویجییە لە ئێران دەستگیرکرا، وەزارەتی دەرەوەی نەرویج داوا لە هاووڵاتییانی دەکات سەردانی ئێران نەکەن، چونکە تاران دان بە دوو رەگەزنامەیدا نانێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی کانوونی یەکەمی 2025، ماتیاس رۆنگڤد، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج رایگەیاند، ئاگادارن لەوەی هاووڵاتییەکی وڵاتەکەیان لە ئێران دەستگیرکراوە، بەڵام بەهۆی پابەندبوونیان بە پاراستنی نهێنیی زانیارییە کەسییەکان، وردەکاریی زیاتر لەبارەی دۆسیەکە بڵاوناکەنەوە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج پشتڕاستی کردەوە کە کەسەکە هەڵگری رەگەزنامەی نەرویجی - ئێرانییە؛ هەر بۆیە حکومەتی ئۆسلۆ داوا لە هاووڵاتییانی دەکات سەردانی ئێران نەکەن.
حکومەتی نەرویج ئاماژەی بەوە کردووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران دان بە دوو رەگەزنامەییدا نانێت، ئەمەش وایکردووە باڵیۆزخانەکەیان لە تاران نەتوانێت وەکو پێویست هاوکاریی کۆنسووڵی و یاسایی پێشکێش بەو هاووڵاتییانە بکات، کە لەو وڵاتە دەستگیر دەکرێن.
بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسی چالاکڤانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران (هرانا)، کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، ئەو هاووڵاتییە ناوی "شاهین مەحمودی"ـیە و لەدایکبووی ساڵی 1979یە.
بەپێی زانیارییەکان، شاهین مەحمودی رۆژی 14ی ئەم مانگە لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە و ئێستا لە یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای سنە دەستبەسەرە، بەبێ ئەوەی کەسوکارەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردن و دۆخی تەندروستییەوە پێ درابێت.
ماوەیەکە وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی دەستگیرکردنی هەڵگرانی رەگەزنامەی وڵاتەکانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییانیان کە سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.