لیندزی گراهام: لە کۆنگرێس کۆدەنگییەکی بەهێز بۆ پاراستنی کورد دروستبووە

رووداو دیجیتاڵ

سیناتۆرێکی دیاری کۆمارییەکان رایدەگەیێنێت، لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا (کۆنگرێس) کۆدەنگییەکی بەهێز لە نێوان هەردوو پارتەکە هەیە بۆ پاراستنی کورد لە سووریا. هۆشداریش دەدات کە "داعش هێشتا مەترسییەکی گەورەیە."

رۆژی هەینی، (23-01-2026)، لیندزی گراهام، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رایگەیاند، نیگەرانییەکی زۆر و هاوبەش لەنێوان کۆماری و دیموکراتەکان هەیە سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی سووریا.
 
گراهام لە ئێکس دا نووسیوویەتی: "کۆدەنگییەکی بەهێز هەیە لەسەر ئەوەی دەبێت کورد بپارێزرێت، چونکە ئەوان لە کاتی تێکشکاندنی خەلافەتی داعشدا هاوکارییەکی زۆری ئەمریکایان کردووە."
 
ئەو سیناتۆرە باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی پیران راستەقینەن و داوای کرد هەمووان بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو "چاوەڕوان بن".
 
سەبارەت بە دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، گراهام هۆشداری دا کە ئەگەر ئەو دەنگۆیانە راست بن، ئەوا "داعش زۆر پێی خۆش دەبێت."
 
بە بڕوای لیندزی گراهام، هێشتنەوەی هێزێکی کەمی ئەمریکی بۆ کارکردن لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە، وەک "پۆلیس" وایە بۆ رێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا.
 
لێدوانەکانی گراهام لەکاتێکدایە، تۆم باراک، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا هەڵوێستێکی جیاوازی هەیە و پێیوایە "ئەرکی هەسەدە کۆتایی هاتووە و دەبێت تێکەڵ بە سوپای سووریا ببنەوە."
 
هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا رۆژی 6ی ئەم مانگە بۆ سەر هەسەدە لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەستیپێکرد، دواتر هێرشیان کردە سەر پارێزگاکانی دێرەزوور، رەققە و حەسەکە، کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات دان. 
 
ئێوارەی رۆژی سێشەممە سوپای عەرەبیی سووریا ئاگربەستێکی چوار رۆژەی راگەیاند، لە پاڵ ئاگربەست هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنانی گرژییەکانی سووریا بەردەوامن.