رێزان حەمەساڵح: سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا زۆر حەز دەکات سەرۆک بارزانی ببینێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆک بارزانی سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە ئیتاڵیا کرد. نوێنەری حکومەت لە وڵاتەکە دەڵێت: ''سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا زۆر حەز دەکات سەرۆک ببینێت، بەڵام تاوەکو دوێنێ شەویش لە دەرەوە بوو و دیار نییە دەتوانن دیداریان هەبێت یان نا.''
 
سێ رۆژە سەرۆک مەسعود بارزانی لە ئیتاڵیایە و کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکە کردووە. نیوەڕۆی رۆژی هەینی 23-01-2026ـیش سەردانی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە وڵاتەکە.
 
رێزان حەمەساڵح، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''هاتنی سەرۆک بۆ ئێرە جێگەی شانازیمانە، هەر جەنابیشیان لە ساڵی 2009 بە دەستی خۆی ئەم نوێنەرایەتییەی کردووەتەوە.''
 
رێزان حەمەساڵح ئاماژەی بە پەیامێکی سەرۆک بارزانی کرد بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا و گوتی: ''پەیامی جەنابیان بۆ ئێمە ئەوەیە کە پەیوەندییەکان پتەوتر بکەین، لەگەڵ یەکدی کۆک بین و داکۆکی لە مافی گەلی خۆمان بکەین.''
 
لەکاتی گەیشتنی سەرۆک بارزانی، هێزێکی سەر بە پۆلیسی ئیتاڵیا لە بەردەم نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بوو. ئەو نوێنەرەی حکومەت دەڵێت، ''کاتێک جەنابیان سەردان دەکات، نوێنەرایەتی بە فەرمی داوا لە حکومەتی ئیتاڵیا دەکات و ئەوانیش ئەو ئامادەکارییانە دەکەن.''
 
جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بە گەشتێکی دیپلۆماسی لە دەرەوەی وڵاتەکەیە. رێزان حەمەساڵح گوتی: ''دوێنێ راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیران پەیوەندی پێوە کردم و پرسیاری لە کاتی گەڕانەوەی سەرۆک بارزانی کرد. بێگومان سەرۆکوەزیران زۆری حەز دەکرد جەنابیان بیبینێت، بەڵام تاوەکو دوێنێ شەویش لە دەرەوەی وڵات بوو، ئێستاش دیار نییە کە دەتوانن دیداریان هەبێت یان نا.''
 
لە دیدارەکانی سەرۆک بارزانی دا لە ئیتاڵیا و ڤاتیکان، دۆخی سیاسی و دواپێشهاتەکانی عێراق، ناوچەکە و هەڕەشەکانی سەر داهاتووی ناوچەکە، بەتایبەتی سووریا، تاوتوێ کران. هەروەها پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤاتیکان و ئیتاڵیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکان بوون.