ئیسرائیل لەبارەی کورد و رۆژئاوا وەڵامی سووریا دەداتەوە: پێشێلکاریی دڕندانە و کوشتن تۆمارکراون

رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە دوو هەفتە بێدەنگی بەرامبەر شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، دواجار ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە دۆخی مرۆیی لە ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خەڵک لە ئاوی پاک بێبەشن، نەخۆشخانەکان داخراون و منداڵان لە خوێندن دابڕاون.
 
ئەو قسانەی بەڕێوەبەری وەڵامدانەوەی قەیران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بوو لەبارەی دۆخی سووریا و هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدە.
 
لە دانیشتنەکەدا ئەمریکا رایگەیاند، دیمەشق ئامادەیە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی زیندانی و کامپەکانی داعش، هەم جەختی لە پێدانی ماف بە کورد لە سووریا کردەوە.
 
بەڵام ئەوە بەس نەبوو بۆ دابەشبوونی وڵاتان لەسەر ئەو شەڕ و هێرشانەی هەن، فەرەنسا داوای پاراستنی کورد دەکات، رووسیا دەڵێ یەک سوپا، یەک وڵات و یەک دەسەڵات لە سووریا ئەگەر بۆ کورد دادپەروەرانە بێ ئاساییە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، ئاڕاستەی گشتیی وڵاتان جگە لە ئیسرائیل، خۆبەدوورگرتن بوو لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر هەسەدە.
 
هەڵوێستی ئەمریکا و وڵاتان
 
ئەمریکا لە رێگەی نوێنەرەکەیەوە پەیامێکی روونی دا کە دیمەشق ئامادەیە دۆسیەی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی زیندانەکانی داعش بگرێتە ئەستۆ. تامی برووس، جێگری نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند: "شەرع بەڵێنی داوە کورد وەکو بەشێکی دانەبڕاوی سووریا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، مافی هاووڵاتیبوون و پاراستنی دەستووری بۆ زمان و کولتوورەکەیان دەستەبەر بکرێت."
 
پێچەوانەی ئەمریکا، فەرەنسا جەختی لە پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی، بەتایبەت کورد کردەوە، هاوکات باڵیۆزی تورکیا پیرۆزبایی لە سوپای عەرەبی سووریا کرد، رووسیاش لە رێگەی باڵیۆزەکەیەوە پشتیوانی بۆ "سووریایەکی یەکگرتوو بە یەک سوپاوە" دەربڕی، بەمەرجێک دادپەروەری بۆ کورد تێدابێت.
 
مشتومڕی سووریا و ئیسرائیل
 
نوێنەری حکومەتی سووریا داوای لە وڵاتانی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد جیاوازی بکەن لەنێوان هەسەدە و کورد لە سووریا، بەڵام تووندترین هەڵوێست لەلایەن ئیسرائیلەوە بوو. دانی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل بە تووندی رەخنەی لە دۆخەکە گرت و ئاشکرای کرد راپۆرتیان پێگەیشتووە دەربارەی "کۆچی زۆرەملێ و کوشتن" لە ناوچە کوردییەکان. دانۆن وێڕای بیرهێنانەوەی رۆڵی کورد لە تێکشکاندنی داعش، هۆشداری دا حکومەتەکان بە کردەوە دەپێورێن نەک بە گوتار.
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە میدیاکانی ئەمریکا باس لە نیازی ئیدارەی ترەمپ دەکەن بۆ کشاندنەوەی هێزەکانیان، هەنگاوێک کە وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر داهاتووی رۆژئاڤای کوردستان سەیر دەکرێ.