گرووپی پەرلەمانتارە کوردەکانی ئەڵمانیا داوا دەکات هێزەکانی دیمەشق هێرشەکانیان بۆسەر رۆژئاوای کوردستان رابگرن

 
رووداو دیجیتاڵ

گرووپی پەرلەمانتارە کوردەکان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە راگەیێندراوێکدا داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن کار بکەن، بۆئەوەی هێرشی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان بوەستێت؛ ئاماژە بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعشیش دەکەن.
 
راگەیێندراوەکە لەلایەن قاسم تاهیر ساڵح لە پارتی سەوزەکان، گۆکای ئەکبوڵوت و جانسوو ئۆزدەمیر لە پارتی چەپ و سەردار یوکسەل لە پارتی سۆسیال دیموکرات نووسراوە.
 
هەر چوار پەرلەمانتارەکە دەڵێن، زۆر لە ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نیگەرانن و دەڵێن: "سەرەڕای رێککەوتنی ئاگربەست، هێزەکانی حکومەتی کاتیی سووریا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئەو ناوچانە ئەنجام دەدەن کە لەژێر بەڕێوەبەریی کورددان."
 
بەهۆی پێشڕەویی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بەرەو ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان، پەرلەمانتارەکان دەڵێن، "شارەکانی وەک کۆبانێ رووبەڕووی مەترسیی گەمارۆدان بوونەتەوە. راپۆرتی پێشێلکارییە قورسەکانی مافی مرۆڤمان بەدەست دەگات. هێرشەکان ژیانی سڤیلەکان دەخەنە مەترسییەوە و جارێکی دیکە هەزاران کەس ناچار بە کۆچ دەکەن."
 
پەرلەمانتارەکان داوای تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی حکومەتی سووریا دەکەن، وەک ئەوەی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە 18ی کانوونی دووەم هاتووە.
 
پەرلەمانتارەکان هەروەها دەڵێن، "دەبێت دیمەشق بەرپرسیارێتی چەکدارانی گرووپی جیهادیی داعش و خێزانەکانیان بگرێتە ئەستۆ، کە تا ئێستا لە زیندان و کەمپەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورد دەستبەسەرن."
 
پەرلەمانتارەکان دەڵێن، "بۆ ئەوەی هێرشەکان کۆتاییان بێت، پاراستنی خەڵکی سڤیل دابین بکرێ و رێگری لە تێکچوونی زیاتری ئارامی بکرێ، دەبێت ئێستا گوشارێکی سیاسیی بەهێز بکرێت."
 
پەرلەمانتارەکان گوتوویانە، سووریایەکی "سەقامگیر" تەنیا کاتێک بونیاد دەنرێ و بەدەست دەهێندرێ کە "فره‌ڕەنگیی نەتەوەیی و ئایینی" تێیدا بپارێزرێ و هەموو پێکهاتەکان لە "چارەسەرە سیاسییەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و بەشداریی یەکسان" بن.
 
پەرلەمانتارەکان باسیان لە بەڕێوەبردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە چەند ساڵی رابردوودا کردووە و دەڵێن، "هێزەکانی سووریای دیموکرات کە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەبەرییەکی خۆسەری فرەلایەن، دیموکراسیخواز و عەلمانی بەڕێوەدەبات، ساڵانێکە لە شەڕی دژی داعشدا رۆڵێکی بەرچاوی گێڕاوە" و رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزە ئەم سەرکەوتنانە دەخاتە مەترسییەوە.
 
پەرلەمانتارەکان هۆشداری دەدەنە فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و دەڵێن: "سەرهەڵدانەوەی داعش نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو دۆخی ئەمنیی هەموو جیهان خراپتر دەکات."
 
گرووپی پەرلەمانتارە کوردەکان لە ساڵی 2025 دامەزراوە.