بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی ئیسپانیا لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری ڤالێنسیای ئیسپانیا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 14 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی، 23ـی شوباتی 2024، خۆرخێ سوارێز، جێگری بەڕێوەبەری دەزگای فریاگوزاریی ڤالێنسیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "تاوەکو ئێستا ئەوە یەکلایی بووەتەوە چوار کەس بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستداوە".
دەزگای فریاگوزاریی ڤالێنسیا ئاماژەی بەوەش کردووە کە 14 کەس بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار بوون و 19 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوایاندا.
ئاگرەکە، بەگوتەی دەزگای فریاگوزاریی ڤالێنسیا، درەنگیی شەوی پێنجشەممە لە نهۆمی چوارەمی باڵەخانەکە کەوتووەتەوە و بەخێرایی بۆ نهۆمەکانی دیکە تەشەنەی کردووە.
میدیای ئیسپانیا ئاماژەی بەوە کردووە، باڵەخانەکە 14 نهۆم بووە و زیاتر لە 130 شوقەی تێدایە. دەشڵێت، حکومەتی ئیسپانیا 22 تیمی بەرگریی شارستانی رەوانەی شوێنی ئاگرەکە کردووە.