نێچیرڤان بارزانی پەرتووکێک بە دیاری دەداتە ترەمپ

رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەرتووکێک لە بارەی ئازادیی ئایینی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان، بە دیاری دەداتە سەرۆکی ئەمریکا. 
 
شۆن فۆوێت، بانگخوازی کرستیان و کەسایەتیی ناسراوی نێو پارتی کۆماری، کە هەفتەی رابردوو سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا وێنەی پەرتووکەکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "لەگەڵ خۆم پەرتووکێک و پەیامێک لە سەرۆک [نێچیرڤان] بارزانییەوە بۆ سەرۆک ترەمپ دێنمەوە."
 
پەرتووکەکە بە ناونیشانی "کوردستانێک بۆ هەمووان؛ لەئامێزگرتنی هەموو بیروبڕواکان و فرەڕەنگی"ـیە.
 
لەسەر لاپەڕەیەکی سەرەتایی پەرتووکەکە، نێچیرڤان بارزانی بە واژۆ و دەستوخەتی خۆی نووسیویەتی "سەرۆک ترەمپی ئازیز، بە خۆشحاڵییەوە ئەم پەرتووکەتان لەبارەی ئازادیی ئایینی لە کوردستان پێشكێش دەکەم، کە رەنگدانەوەی بەهای هاوبەشی سەربەستی و ئازادییە ئایینییەکانمانە." 
 
ناردنی ئەم پەرتووکە بەم پەیامەوە دوای ئەوە دێت؛ هەفتەی رابردوو، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ترەمپ بە دەستوخەتی خۆی، نامەیەکی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتی "له‌ نامه‌كه‌دا سه‌رۆک تره‌مپ وێڕاى سوپاسگوزارى" بۆ نامەیەکی پێشتری سه‌رۆک نێچيرڤان بارزانى، "جه‌ختى له‌ پێكه‌وه‌كاركردن و هاريكاريى هاوبه‌ش و بره‌ودان به‌ به‌ها هاوبه‌شه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستاندا كردووه‌ته‌وه‌."
 
گوتیشی، سه‌رۆكى ئه‌مريكا هەروەها له‌ كۆتاييى نامه‌كه‌يدا "هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان خواستووه‌."
 
هەر پێنجشەممەی رابردوو، شۆن فۆوێت ڤیدیۆی دیداری خۆی و نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەردووکیان باسی میواندۆستیی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرامبەر خەڵکی ئەمریکا دەکەن. 
 
کەسایەتییە ئەمریکییەکە، لە پۆستێکی دیکەدا وێنەی خۆی و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە کە پێشانیدەدات، ئاڵایەکی ئەمریکا بە دیاری بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەدات.