نەتەنیاهوو: ئیسرائیل لەبەردەم "رۆژانێکی ئاڵۆز"دایە؛ هاوپەیمانییەک دژی تووندڕۆکان پێکدەهێنین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت وڵاتەکەی رووبەڕووی "رۆژانێکی ئاڵۆز و پڕ ململانێ" دەبێتەوە. هۆشداریش دەداتە تاران کە ئەگەر "هەڵەیەکی مێژوویی" بکەن و هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، بە هێزێکی وا وەڵامیان دەدەنەوە کە "خەیاڵی نەکەن."
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی (کنێسێت) رایگەیاند: "ئێمە لە رۆژانێکی زۆر ئاڵۆزداین. چاوەکانمان کراوەن و بۆ هەر سیناریۆیەک ئامادەین."
"هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ ئەمریکا هەیە هاوشێوەی نەبووە"
نەتەنیاهوو جەختی لە هاوکارییە سەربازییە نزیکەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا کردەوە، لەکاتێکدا واشنتن هێزەکانی لە ناوچەکە زیاد کردووە. نەتەنیاهوو گوتی: "هاوپەیمانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان هەرگیز بەم شێوەیە نزیک نەبووە؛ لە نێوان سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی هەردوولا، شتێکی لەم شێوەیە لە مێژوودا نەبووە."
ئەم ئاڵۆزییانە لەکاتێکدان، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل و ئێران بۆ یەکەمجار رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی 12 رۆژەیان هەبوو، کە تێیدا ئیسرائیل دامەزراوە ئەتۆمییەکانی تارانی کردە ئامانج و ئێرانیش بە درۆن و مووشەک وەڵامی دایەوە.
هاوپەیمانییەک دژی "شیعە و سوننەی تووندڕۆ"
نەتەنیاهوو دوێنێ لە کۆبوونەوەی حکومەتی وڵاتەکەیدا پڕۆژەیەکی نوێی بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی سەربازی و سیاسی فراوان ئاشکرا کرد. بە گوتەی ئەو وەک "هاوپەیمانییەکی گشتگیر" لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریای ناوەڕاست کاردەکات.
نەتەنیاهوو پڕۆژەیەکی نوێی بۆ پێکهێنانی "هاوپەیمانییەکی گشتگیر" ئاشکرا کرد کە وڵاتانی هیندستان، وڵاتانی عەرەبی، ئەفریقا، یۆنان و قوبرس لەخۆدەگرێت.
بەگوتەی نەتەنیاهوو، ئامانجی ئەم هاوپەیمانییە رووبەڕووبوونەوەی تووندڕۆکانە، بەتایبەتی "شیعەی توندڕۆ" (ئێران، حووسییەکان، حیزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی عێراق) و "سوننەی تووندڕۆ" (حەماس و گرووپەکانی دیکە).
جنێف؛ دوایین دەرفەت پێش هێرشی ئەمریکا
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە شاندی ئێران و ئەمریکا لە جنێف کۆببنەوە. بەشێک لە میدیا جیهانییەکان ئەم کۆبوونەوەیە بە "دوایین دەرفەت" دەبینن پێش ئەوەی واشنتن بڕیاری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بدات.
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا و گوتی: "هەر دەستدرێژییەک دەرئەنجامەکانی لە سنووری یەک وڵاتدا نامێنێتەوە و هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە." غەریبئابادی باسی لەوەش کرد، ئێران هێشتا دەرگەی دیپلۆماسی بە کراوەیی دەبینێت بەو مەرجەی رێز لە مافەکانی بگیرێت.
ترس لە جەنگ و نائارامیی ناوخۆیی تاران
لەناو ئێراندا، ترس و دڵەڕاوکێ لای هاونیشتمانیان گەیشتووەتە لووتکە. حەمید، دانیشتوویەکی تاران بە فرانس پرێسی گوتووە: "بە خواردنی حەبیش شەوان ناخەوم."
ئەم ترسە وایکردووە نزیکەی 20 وڵات داوا لە هاووڵاتییانیان بکەن خاکی ئێران جێبهێڵن.
هاوکات لەگەڵ هەڕەشە دەرەکییەکان، تاران رووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی تووندی ناوخۆیی بووەتەوە. لە دوای خۆپێشاندانەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، کە بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە 20 هەزار کەس تێیدا کوژراون، دوێنێ یەکشەممە خوێندکارانی زانکۆکانی تاران جارێکی دیکە رژانەوە سەر شەقامەکان و دروشمی دژی حکومەتیان بەرزکردەوە.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوشارە ئەتۆمییەکانی بۆ سەر تاران بەرزکردووەتەوە و هێزێکی گەورەی ئاسمانی و دەریایی بۆ ناوچەکە رەوانە کردووە.