کیم جۆنگ ئون وەک سەرۆکی کاروباری دەوڵەتی کۆریای باکوور هەڵبژێردرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور رایگەیاند، پەرلەمانی وڵاتەکە بە کۆی دەنگ کیم جۆنگ ئونی وەک سەرۆکی کاروباری دەوڵەت هەڵبژاردووەتەوە. لە هەڵبژاردنەکەدا، کیم 99.99٪ـی دەنگەکانی هێناوە.
ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور (KCNA) رایگەیاند، ئەنجوومەنی باڵای گەل (پەرلەمان) لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی 15ـەی خۆیدا، کە رۆژی 22ـی ئادار بەڕێوەچوو، "هاوڕێ کیم جۆنگ ئون"یان وەک سەرۆکی کاروباری دەوڵەتی کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا هەڵبژاردووەتەوە. ئاژانسەکە گوتی، ئەم بڕیارە "رەنگدانەوەی ویست و ئارەزووی یەکدەنگی هەموو گەلی کۆریایە."
پێش سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە، 687 نوێنەر بۆ پەرلەمان هەڵبژێردران. بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، رێکاری هەڵبژاردنەکە بەم شێوەیە بووە:
رێژەی بەشداری: 99.99٪ بووە.
دەنگی بەڵێ: 99.93٪ بۆ ئەو بەربژێرە تاقانەیەی لە لایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە دیاریکرابوو.
دەنگی نەخێر: تەنیا 0.07٪.
کیم جۆنگ ئون نەوەی سێیەمی ئەو بنەماڵەیەیە کە لە ساڵی 1948ـەوە وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن. کیم لە ساڵی 2011 و دوای مردنی کیم جۆنگ ئیلی باوکی، دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. لە وێنە بڵاوکراوەکاندا، کیم بە قاتێکی رەسمی و لە ناوەڕاستی سەکۆیەکدا دەرکەوتووە کە لە پشتەوەی دوو پەیکەری زەبەلاحی باوک و باپیری (کیم ئیل سۆنگ) جێگیر کراون.
پسپۆڕانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، رەنگە ئەم خولەی پەرلەمان چەند گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە دەستووردا بکات. یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان، چەسپاندنی ناوی کۆریای باشوورە وەک "وڵاتێکی دووژمن" لە ناو دەستووری وڵاتەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی کیم لەم دواییانەدا سیاسەتی ئاشتی لەگەڵ سیئۆل بە تەواوەتی رەتکردەوە.
ئەم کۆبوونەوەیەی پەرلەمان دوای مانگێک لە کۆبوونەوەی پێنج ساڵەی پارتی دەسەڵاتدار دێت و تێیدا رێسا و پلانە نوێیەکانی دەوڵەت بۆ ساڵانی داهاتوو دیاریکراون، لە کاتێکدا جیهان بە وریاییەوە چاودێریی جموجووڵە سەربازییەکانی پیۆنگیانگ دەکات.
کیم جۆنگ ئون سکرتێری گشتیی پارتی کرێکاکارانی کۆریایە و لە ساڵی 2012ـەوە لەو پۆستەیە. رۆژی لە دایکبوونی دیار نییە. میدیای فەرمیی کۆریای باکوور دەڵێ، 08-01-1982 لە دایکبووە. هەواڵگریی کۆریای باشوور دەڵێ 1983 و حکومەتی ئەمریکاش دەڵێ، 1984، ئەمەش بە پشتبەستن بەو پاسپۆرتەی کە لە کاتی خوێندنی لە سویسرا هەڵیدەگرت. لە ساڵی 2009 ژیانی هاوژینی لەگەڵ ری سۆلجوو پێکهێناوە و دەگوترێت سێ منداڵی هەیە.