هێرش کرایە سەر گەڕەکێکی جوونشینی لەندەن و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، تەقینەوە و ئاگرێکی گەورە گەڕەکی (گۆڵدەرز گرین)ـی لە باکووری رۆژئاوای شاری لەندەن هەژاند. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکەن و خەریکی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکەن.
 
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، ئاگرەکە چەندین ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی سەر بە دەزگەی خۆبەخشیی (حاتزۆڵا)ـی (Hatzolah) گرتووەتەوە. ئەم دەزگەیە تایبەتە بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی پزیشکی بە کۆمەڵگەی جووەکان لە لەندەن. 
 
گەڕەکی گۆڵدەرز گرین یەکێکە لەو ناوچانەی کە ژمارەیەکی زۆر لە رەوەندی جووی تێدا نیشتەجێیە.
 
شایەتحاڵەکان لە ناوچەکە رایانگەیاندووە، پێش کەوتنەوەی ئاگرەکە، دەنگی چەند تەقینەوەیەکیان بیستووە. ڤیدیۆکان نیشانی دەدەن دووکەڵێکی چڕ و رەش ئاسمانی ناوچەکەی داپۆشیوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای دانیشتووانی دەوروبەری شوێنی رووداوەکە.

 

 
 
گوتەبێژێکی تیمی ئاگرکوژێنەوەی لەندەن بە کەناڵی (CNN)ـی راگەیاند: "تیمەکانمان لە شوێنی رووداوەکە ئامادەن و خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن." تاوەکو ئەم ساتە، بەرپرسان هۆکاری رووداوەکەیان ئاشکرا نەکردووە و پشتڕاستیشیان نەکردووەتەوە کە ئایا ئەمە هێرشێکی بە ئەنقەست بووە یان رووداوێکی تەکنیکی.
 
پۆلیسی گەورەشاری لەندەن ئاگادارکراوەتەوە و لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی دەستیپێکردووە بۆ دیاریکردنی سروشتی تەقینەوەکان. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگی ئێران و ئیسرائیلەوە، ئاستی وریایی ئەمنی لە دەوروبەری ناوەند و کۆمەڵگە جوونشینەکان لە سەرانسەری ئەورووپا و ئەمریکا بەرزکراوەتەوە.