ترەمپ هێرشکردنە سەر کارەبای ئێران دوادەخات: 'گفتوگۆی زۆر بەرهەمدارمان کردووە'
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، گفتوگۆی 'زۆر باش'یان لەگەڵ ئێران هەیە و هێرشەکانیان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ دوادەخەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند: "خۆشحاڵم بە راگەیاندنی ئەوەی کە ئەمریکا و ئێران، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا، گفتوگۆی زۆر باش و بەرهەمداریان هەبووە سەبارەت بە چارەسەرکردنی تەواو و هەمەلایەنەی دوژمنایەتییەکانمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
ترەمپ، هاوکات باس لەوە دەکات، "بەپێی شێواز و کەشوهەوای ئەم گفتوگۆ قووڵ و ورد و بنیاتنەرانەی کە بە درێژایی هەفتەکە بەردەوام دەبن، فەرمانم بە وەزارەتی جەنگ داوە کە هەموو هێرشێکی سەربازی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی وزەی ئێران بۆ ماوەی پێنج رۆژ دوابخات، ئەمەش بەندە بە سەرکەوتنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ بەردەوامەکان."
پۆستەکە چەند کاژێرێک پێش کردنەوەی بازاڕی وۆڵ ستریت بڵاوکرایەوە، ئەوەش دوای دابەزینێکی سەختی بازاڕەکانی ئەورووپا و ئاسیا و بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت.
قسەکانی ئەمڕۆی ترەمپ بوومەلەرزەیەکی ئابوورییان دروست کرد؛ نرخی نەوتی برێنت 13٪ دابەزی و بەرمیلێکی بە 98 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئۆنسەی زێڕ بۆ 4,410 دۆلار بەرزبووەوە و نرخی ئۆنسەیەک زیویش گەیشتە 68 دۆلار.
لەدوای ئەم لێدوانەی ترەمپ، میدیای فەرمیی ئێران رایگەیاند: "ترەمپ لە ترسی وەڵامدانەوەی ئێران، لەو مۆڵەتە 48 کاژێرییە پاشگەز بووەتەوە کە بە ئێران دابووی."
ئێران سەرەتای ئەم مانگە، وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ هێرشکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و کوژرانی بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکە، لەنێویدا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران؛ بەشێکی تەنگەکەی داخست.
بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دایە ئێران و رایگەیاند: "ئەگەر بە تەواوی و بێ هەڕەشە، لە ئێستاوە تاوەکو 48 کاژێری دیکە تەنگەی هورمز نەکاتەوە، ئەوا ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر وێستگە جیاجیاکانی کارەبای ئێران و دەیانسڕێتەوە؛ سەرەتاش لە وێستگە گەورەکانەوە دەستپێدەکەین."
لە وەڵامی ئەوەدا، ئێران رایگەیاند، ئەگەر ترەمپ هەنگاوێکی لەو جۆرە بنێت، ئەوا ژێرخانە گرنگەکانی سەرانسەری کەنداو دەکاتە ئامانج، لەوانە دامەزراوەکانی وزە و وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو کە بۆ ئەو ناوچە وشکە زۆر گرنگن.