ترەمپ: ئێران پەرۆشی رێککەوتنە و لەوانەیە لە 5 رۆژدا رێکبکەوین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران "پەرۆشی رێککەوتنە" و ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەوانەیە "لە پێنج رۆژدا، یاخود کەمتریش، لەگەڵ ئێران رێکبکەون."
میدیاکانی ئێران رەتیان کردەوە کە وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدا بێت، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاند، لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئێران. ترەمپیش لە میدیای وڵاتەکەیەوە وەڵامی میدیاکانی ئێرانی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، نازانێ میدیاکانی ئێران باسی چی دەکەن، "چونکە تازە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، لەڕاستیدا شەوی رابردوو ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لەگەڵ هاوتاکانیان گفتوگۆیان کردووە."
ترەمپ بە "تۆڕی فۆکس بزنس"ی ئەمریکی گوت، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، پێنج رۆژ هێرشەکانیان بۆسەر وێستگەکانی کارەبا و وزەی ئێران رادەگرن، لەوانەیە لەو ماوەیەشدا یان کەمتر رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەن.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، کارەکان لەگەڵ ئێران "زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن،" ئەمەش تەنیا کەمێک دوای ئەوە هات کە دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی لەگەڵ تاران و راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە بۆ ماوەی 5 رۆژ راگەیاند.
رۆژی دووشەممە 23ی ئاداری 2026، ترەمپ لە لێدوانێکی کورتدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، "کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن." گوتیشی، "ئێران زۆر پەرۆشی رێککەوتنە و لەوانەیە لە 5 رۆژ یان کەمتردا رێککەوین."
لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو سەبارەت بە دۆخی ئێران، کە راستەوخۆ دوای پۆستێکی ترەمپ هات لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ سەبارەت بە دەستپێکردنی دانوستاندنەکان، کە دەستبەجێ بووە هۆی دابەزینی خێرای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.