هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی: راهاتووین بە مووشەکەکانی ئێران


رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بەردەوامیی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە ماوەی 24 رۆژە بەردەوامە، ژیانی ئاسایی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا هاتووە؛ بەشێک لە ئیسرائیلییەکان دەڵێن بەو دۆخە راهاتوون، هاوکات ئامارەکانیش باس لە زیانی دەیان ملیار دۆلاری دەکەن.
 
کاریگەریی مووشەکەکانی ئێران بە شەقامەکانی تەلئەڤیڤەوە دیارە و ئیسرائیلییەکان دەڵێن، لەدەستپێکی جەنگەکەوە ئەم جۆرە دیمەنانە دەبینن. جۆناتان پاز، دانیشتوویەکی تەلئەڤیڤە و دەڵێت: "ئێمە لە ئیسرائیلین، بۆیە بە جۆرێک لە جۆرەکان راهاتووین. هیوادارم ئەمە زوو کۆتایی بێت، تاوەکو بتوانین بگەڕێینەوە سەر ژیانە ئاساییەکەی خۆمان."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، لە سەرەتای جەنگەوە ئێران 400 مووشەکی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە، کە 368یان لە ئاسماندا تێکشکێندراون. سەرەڕای ئەوەش، لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەکییانەدا 15 کەس کوژراون و چوار هەزار و 564 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
دوایین هێرشی کاریگەری ئێران، شەوی شەممە بوو کە لە ئەنجامدا نزیکەی 200 کەس بریندار بوون. ئالما سێزێلۆف، کە دانیشتووی ناوچەی عەرادە، لەبارەی ئەو شەوەوە دەڵێت: "دەنگێکی تەقینەوەی زۆر زۆر بەهێز هەبوو. هەموو ماڵەکە لەرییەوە. ئەمە ژیانی ئێمەیە لێرە و بە راستی باش نییە."
 
جەنگەکە تەنیا زیانی گیانی نەبووە، بەڵکو کاریگەریی خستووەتە سەر کەرتی گەشتیاریش. لە قودس\ئۆرشەلیم، کە ناوچەی کۆنی شارەکە لای موسڵمان، کریستیان و جوو پیرۆزە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن، ئێستا بەتەواوی چۆڵ بووە و گەشتیاری لێ نەماوە.
 
یواڤ رۆتێم، کە رێبەرێکی گەشتیارییە، نیگەرانیی خۆی نیشان دەدات و دەڵێت: "ئەو راستییەی کە شوێنەوارەکان داخراون، لایەنێکی دیکەیە کە وادەکات خەڵک نەیەن بۆ ئێرە تاوەکو ئێمە کاربکەین، بۆیە کارەکانمان وەستاون و ژیانمان جۆرێکە لە خەمۆکی."
 
لە رووی ئابوورییەوە، هەڵسەنگاندنێکی سەرەتایی ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا 20 رۆژی یەکەمی جەنگەکە 12.5 ملیار دۆلار لەسەر ئیسرائیل کەوتووە، کە 6.4 ملیار دۆلاری تەنیا بۆ خەرجیی سەربازی بووە.