سەرۆکی تاجیکستان داوا لە جووتیاران دەکات بە رۆژوو نەبن
رووداو - هەولێر
سەرۆکی تاجیکستان داوا لە جووتیارانی وڵاتەکەی دەکات، رۆژووەکانیان لە رەمەزانی ئەمساڵدا بۆ کاتێکی دیکە دوابخەن، لە کارەکانیان بەردەوامبن و ئاگاداری تەندروستیی خۆیان بن.
ئیمام عەلی راخمۆن، سەرۆکی تاجیکستان داوا لە جووتیارانی وڵاتەکەی دەکات تاوەکو لەکاتی قەیرانی کۆرۆنا لەکارەکانیان بەردەوامبن، لە رەمەزانی ئەمساڵدا بە رۆژوونەبن و رۆژووەکانیان بۆ کاتێکی دیکە دوابخەن.
سەرۆکی تاجیکستان بە جووتیارەکانی وڵاتەکەیان دەڵێت، لە کاتێکی دیکە رۆژووەکانتان بگرن، ئێستا ئاگاداری تەندروستیی خۆتانبن و لەکارەکانتان بەردەوامبن.
ئەم داوایەی سەرۆکی تاجیکستان لە جووتیارانی وڵاتەکەی لەکاتێکدایە تائێستا بەفەرمی هیچ تووشبووێک بە کۆرۆنا لە تاجیکستان تۆمارنەکراوە، بەڵام حکومەت رێکاری تووندی دژ بە ڤایرۆسەکە گرتووەتەبەر و هاوکات داوای خۆپارێزیی کۆمەڵایەتی لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کردووە.
تاجیکستان دەکەوێتە سەر سنووری چین، ئەفغانستان و ئوزبەکستان، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە نۆ ملیۆن کەس دەبن و 98٪ی خەڵکەکەی موسڵمانن.