چەند بەرپرسێکی ئەمریکا: ئێران هێشتا توانایەکی سەربازیی گەورەی ماوە
رووداو دیجیتاڵ
چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا پەردە لەسەر زانیارییە هەواڵگرییەکان لادەدەن و رایدەگەیێنن، توانای سەربازیی ئێران زۆر لەوە زیاترە کە کۆشکی سپی و پنتاگۆن بە ئاشکرا باسی دەکەن. بەگوێرەی زانیارییەکان، سەرەڕای هێرشە چڕەکان، هێشتا بەشێکی زۆری کۆگای مووشەک و هێزی دەریایی ئێران بە پارێزراوی ماونەتەوە.
کەناڵی (CBS News)ی ئەمریکی لە زاری سێ بەرپرسی باڵای واشنتنەوە بڵاویکردەوە، تاوەکو دەستپێکی ئاگربەست لە سەرەتای ئەم مانگەدا، نزیکەی نیوەی کۆگای مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و سەکۆکانی مووشەک هەڵدانیان هێشتا وەک خۆیان ماون و تێکنەشکێندراون.
ئەم زانیارییانە تەواو پێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکایە. پێشتر ترەمپ رۆژی سێشەممە گوتی: "هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێرانمان لەناو بردووە و سەرکردەکانیانمان نەهێشتوون."
وەزیری بەرگریش ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"ی بە سەرکەوتنێکی مێژوویی ناوبردووە کە توانای سەربازیی تارانی بۆ چەندین ساڵ پەکخستووە، بەڵام راپۆرتە هەواڵگرییەکان وێنەیەکی جیاواز پێشان دەدەن.
هێزی دەریایی و ئاستەنگییەکانی هورمز
بەرپرسە ئەمنییەکان ئاشکرای دەکەن، نزیکەی 60%ـی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، بەتایبەتی بەلەمە تیژڕۆکانیان، هێشتا ماون. هەرچەندە هێزی دەریایی نەریتی و کەشتییە گەورەکانی ئێران زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام ئەو بەلەمانەی کە بۆ "جەنگی گەورە" دروستکراون، هێشتا دەتوانن ئاستەنگی گەورە لە تەنگەی هورمز دروست بکەن.
هەر رۆژی چوارشەممە، چەند بەلەمێکی ئێرانی هێرشیان کردە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، ئەمەش دروست دوای ئەوەی ترەمپ درێژکردنەوەی ئاگربەستی راگەیاند.
سەبارەت بە هێزی ئاسمانیش، بەرپرسەکان دەڵێن هەرچەندە زیانی زۆریان بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا دوو لەسەر سێی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێران لەکار نەکەوتوون و دەتوانن ئۆپەراسیۆن بکەن
جەیمس ئادەمز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا (DIA) لە راپۆرتێکی نووسراودا بۆ کۆنگرێس هۆشداری داوە و نووسیویەتی: "ئێران هێشتا خاوەنی هەزاران مووشەک و درۆنە کە دەتوانن هەڕەشە لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە تەواوی ناوچەکەدا بکەن."
لە بەرامبەردا، شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پنتاگۆن بەرگری لە سەرکەوتنەکانی سوپای وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت، لە ماوەی کەمتر لە 40 رۆژدا زیاتر لە 13 هەزار ئامانجییان لە ئێران پێکاوە.
پارنێڵ ئاماژە بەوەشدەکات، 92%ـی کەشتییە گەورەکانی ئێران لەناوچوون و ئەوەی میدیاکان باسی دەکەن هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی بایەخی سەرکەوتنەکانی ئەمریکا.
ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسا" زنجیرەیەک هێرشی چڕی ئاسمانی و مووشەکیی ئەمریکا بوو بۆ سەر ژێرخانی سەربازی و ئەتۆمیی ئێران کە لە مانگی شوباتەوە دەستیپێکرد. هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ جەخت لە تێکشکاندنی تەواوەتیی توانای سەربازیی تاران دەکاتەوە، بەڵام بەردەوامیی هێرشەکان لە تەنگەی هورمز و راپۆرتە نوێیەکانی هەواڵگری، نیشانی دەدەن کە ئێران هێشتا توانای وەڵامدانەوەی سەربازیی ماوە.