ترەمپ: هیچ پەلەم نییە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ؛ من کاتم هەیە بەڵام ئێران کاتی نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین پەیامیدا رایدەگەیێنێت، هیچ پەلەی نییە لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و دەڵێت "هەموو کاتی جیهانم لەبەردەستدایە، بەڵام ئێران کاتی نییە". هەروەها دووپاتی دەکاتەوە کە هێزی دەریایی و ئاسمانیی ئێران بە تەواوی لەنێوبراون.
دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی، ترووس سۆشیاڵ، رەخنەی لە بەشێک لە میدیاکانی ئەمریکا گرت کە دەڵێن ئەو پەلەیەتی جەنگەکە کۆتایی پێبهێنێت، هاوکات دۆخی ئێستای سوپای ئێرانیشی خستەڕوو.
ترەمپ نووسیویەتی: "بۆ ئەو کەسانەی - کە ژمارەیان ئێستا لە هەمیشە کەمترە - نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو دەخوێننەوە، یان سەیری هەواڵە ساختەکانی سی ئێن ئێن دەکەن، کە پێیان وایە من 'پەلەمە' کۆتایی بە جەنگەکە لەگەڵ ئێران بهێنم (ئەگەر ناوی بنێیت جەنگ!)، تکایە ئاگادار بن کە رەنگە من کەمترین گوشارم لەسەر بێت لە مێژووی ئەم پۆستەدا. من هەموو کاتی جیهانم لەبەردەستدایە، بەڵام ئێران کاتی نییە — کات بەرەو تەواوبوون دەڕوات!"
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، تیشکی خستە سەر ئەو زیانە قورسانەی گوایە بەر سوپای ئێران کەوتوون و رایگەیاند: "هێزی دەریایی ئێران لە بنی دەریا کەوتووە، هێزی ئاسمانییان وێران کراوە، چەکی دژەفڕۆکە و راداریان نەماوە، سەرکردەکانیان چیدیکە لەگەڵمان نین، گەمارۆکە تووند و بەهێزە و لەوەش خراپتر دەبێت — کات لە بەرژەوەندیی ئەواندا نییە!"
ترەمپ جەختی لەسەر مەرجەکانی بۆ رێککەوتن کردەوە و نووسیویەتی: "رێککەوتن تەنیا کاتێک دەکرێت کە گونجاو بێت و بۆ ئەمریکا، هاوپەیمانەکانمان و لە راستیدا بۆ تەواوی جیهان باش بێت."