راپۆرتێک: پاککردنەوەی تەنگەی هورمز لە مینەکانی ئێران شەش مانگی دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
بەپێی هەڵسەنگاندنێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، پاککردنەوەی تەواوەتیی تەنگەی هورمز لەو مینانەی ئێران چاندوونی، رەنگە شەش مانگ بخایەنێت؛ ئەمەش مەترسیی ئەوەی دروستکردووە کە نرخەکانی نەوت بۆ ماوەیەکی درێژ بە بەرزی بمێننەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 23ی نیسانی 2026، رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی پێنتاگۆن لە ئاگادارکردنەوەیەکی نهێنیدا ئەندامانی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی کۆنگرێسیان ئاگادارکردوەتەوە کە تەنانەت ئەگەر جەنگیش کۆتایی بێت، پاککردنەوەی ئەم رێڕۆ ئاوییە گرنگە کاتێکی زۆری دەوێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، وا گومان دەبرێت ئێران 20 مین یان زیاتری لە ناو تەنگەکە و دەورووبەری چاندبێت. هەندێک لەو مینانە تەکنەلۆژیای "جی پی ئێس"یان تێدایە و بە شێوەیەکی زیرەک دەتوانن لە ژێر ئاودا بجووڵێن، ئەمەش دۆزینەوە و لەناوبردنیان زۆر قورس دەکات.
سوپای پاسدارانی ئێران پێشتر هۆشدارییان دابوو لە بوونی "ناوچەی مەترسیدار" کە روبەرەکەی هەزار و 400 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
وەڵامی پێنتاگۆن و گوشارە ئابوورییەکان
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ناوەڕۆکی راپۆرتەکەی واشنتن پۆستی رەتکردەوە و گوتی: "داخرانی تەنگەی هورمز بۆ ماوەی شەش مانگ کارێکی مەحاڵە و بۆ وەزیری جەنگ بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە." پارنێڵ دەڵێت، زانیارییەکانی ئەو ئاگادارکردنەوەیە بە هەڵە گواستراونەتەوە.
سەرەڕای ئەم رەتکردنەوەیە، کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی دەریایی وەک "هاپانگ لۆید"ی ئەڵمانی، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیووە و دەڵێن، تاوەکو دڵنیایی تەواو لە نەبوونی مین وەرنەگرن، کەشتییەکانیان نانێرنە ناو تەنگەکە.
لە کاتی ئاشتیدا، پێنجیەکی نەوت و گازی جیهان لەم تەنگەیەوە تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئێستا بەهۆی جەنگ و گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکاوە، هاتوچۆ تێیدا پەکی کەوتووە.
هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ لادانی مینەکان
لە لایەکی دیکەوە، شاری لەندەن لە رۆژی چوارشەممەوە میوانداریی کۆبوونەوەی شارەزایانی سەربازیی زیاتر لە 30 وڵات دەکات. ئەم کۆبوونەوانە کە بە سەرکردایەتیی بەریتانیا و فەرەنسا بەڕێوەدەچن، ئامانجیان پێکهێنانی هێزێکی دەریایی فرەنەتەوەییە بۆ پاراستنی ئازادی کەشتیوانی و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مینلادان بە زوترین کات.
ئەم هەوڵە نێودەوڵەتییانە لە کاتێکدان کە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندوە، تاوەکو ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکەی هەڵنەگرێت، ئەوان تەنگەکە بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا ناکەنەوە. ئەم چەقبەستوییە دیپلۆماسی و سەربازییە گوشارێکی زۆری خستوەتە سەر بازاڕەکانی وزە و ئابوریی جیهان.