کۆچی نێودەوڵەتی بۆ رووداو: خنکانی کۆچبەرانی عێراقی و سووریایی 85٪ کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ بە رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ سێ کۆچبەری عێراقی و سووریی لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، لەکاتێکدا هەمان ماوەی پار ژمارەکە 33 کۆچبەر بوو.
رۆژی پێنجشەممە، 23ی نیسانی 2026، جۆرج گالیندۆ، گوتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ لە وەڵامی پرسیارەکانی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداو رایگەیاند، "ئەمساڵ کۆچبەرێکی عێراقی لە رێگەی گەیشتنی بە وڵاتانی ئەورووپا گیانی لەدەستدا، بەڵام پار تاوەکو ئەم کاتە دوو کۆچبەر مردبوون".
گوتەبێژەکە دەشڵێت، ئەمساڵ دوو کۆچبەری سووریایی مردوون یان بێسەروشوێن بوون، بەڵام پار ژمارەکە 24 کەس بوو؛ ئەمساڵ هیچ کۆچبەرێکی تورک یان ئێرانی لە رێگەیاندا تووشی ئەو چارەنووسە نەبوون بەڵام پار سێ کۆچبەری ئێرانی و چواری تورکی مردبوون یان بێسەروشوێن ببوون.
گالیندۆ رێگری لە کۆچبەران لەلایەن وڵاتانەوە، دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازان و رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییانی بە هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی مردنی ئەو کۆچبەرانە زانی.
لە ساڵی 2014ەوە 80 هەزار کەس لە رێگەی کۆچ گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون. لەو ژمارەیە حەوت هەزار و 904یان پار بوو.
دەریای نێوەڕاست مەترسیدارترین رێگە بووە بۆ کۆچبەران و تەنیا پار دوو هەزار و 485 کۆچبەر لەوێ گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەساڵی 2014ەوە مردنی کۆچبەران کاریگەری ئابووری، دەروونی، کۆمەڵایەتی و یاسایی لەسەر 340 هەزار کەس لە کەسوکاریان دروستکردووە. هەروەها، نزیکەی 117 ملیۆن کەس لە ئاوارەیی ناچاری، پەناخوازی و کۆچدا دەژین.