وێنەی جیاکردنەوەی خێزانێکی کۆچبەر خەڵاتێکی نێودەوڵەتی بردەوە


رووداو دیجیتاڵ

وێنەی خێزانێکی ئیکوادۆری کە لە لایەن پۆلیسی کۆچی ئەمریکاوە لە یەکدی جیا دەکرێنەوە، خەڵاتی باشترین وێنەی رۆژنامەڤانیی جیهانی بۆ ساڵی 2025 بەدەستهێنا؛ ئەم وێنەیە وەک رەنگدانەوەی "ژیانە تێکشکاوەکان" لە ناو سیستەمی دادوەریدا وەسف دەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 23ی نیسانی 2026، لێژنەی دادوەریی وۆڵد پرێس فۆتۆ رایگەیاند، ئەو وێنەیەی کە لە لایەن "کارۆڵ گەزی" لە ئاژانسی زوما پرێس گیراوە، وەک وێنەی ساڵ هەڵبژێردراوە. وێنەکە چرکەساتی دەستگیرکردنی باوکێکە بە ناوی "لویس" لە لایەن ئەفسەرانی کۆچ و گومرگی ئەمریکا دوای تەواوبوونی دانیشتنێکی دادگا، لە کاتێکدا خێزانەکەی بە تووندی کراسیان گرتووە و هەوڵی مانەوەی دەدەن.
 
کارۆڵ گەزی، کە خەڵاتەکەی پێدراوە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە لێرەدا دەبینە شایەتی ئازاری بێشوماری خێزانەکان، بەڵام هاوکات دەبینە شایەتی شکۆ و خۆڕاگرییەک کە بەسەر ناخۆشییەکاندا سەردەکەوێت."
 
جومانا ئەلزەین خۆری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وۆڵد پرێس فۆتۆ، دەڵێت: "لە سیستەمێکی دیموکراسیدا، بوونی کامێرا لەو رێڕەوانەدا وەک شایەتێکە بۆ سیاسەتێک کە هۆڵەکانی دادگای گۆڕیوە بۆ شوێنی تێکشکانی ژیانی خەڵک."
 
لەم پێشبڕکێیەدا، کە تێیدا 57 هەزار و 376 وێنە لە لایەن سێ هەزار و 747 رۆژنامەڤانەوە پێشکەش کرابوون، چەند وێنەیەکی دیکەش گەیشتنە قۆناخی کۆتایی، لەوانە:
 
وێنەیەکی سابیر نوورەدین لە ئاژانسی EPA، کە تێیدا فەڵەستینییەکان لە غەززە هێرش دەکەنە سەر بارهەڵگرێکی هاوکاری بۆ دەستکەوتنی ئارد لە کاتی وەستانی کاتیی گەمارۆکانی ئیسرائیل.
 
وێنەیەکی ڤیکتۆر بلو بۆ گۆڤاری نیویۆرک تایمز، لەسەر ژنانی رەسەنی "ئاچی" لە گواتیمالا کە لە جەنگێکی یاساییدا دژی گرووپە چەکدارەکان سەرکەوتن.
 
هەروەها لویس تاتۆ، لە ئاژانسی فرانس پرێس، خەڵاتی چیرۆکەکانی ئەفریقای بردەوە بۆ رووماڵکردنی راپەڕینەکانی "نەوەی زێد" لە ساڵی 2025 لە ماداگاسکار. 
 
لێژنەی دادوەری رایگەیاند کە وێنە براوەکان بە گشتی رەنگدانەوەی ئەو راستییە جیهانییەن کە رووبەڕووی بووینەتەوە؛ راستییەک کە پڕە لە جیابوونەوە و گوشار و لە هەمان کاتدا خۆڕاگرییەکی سروشتی.