پێشنیاز دەکرێت ئیتاڵیا لە مۆندیالی 2026دا شوێنی ئێران بگرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

نێردەیەکی تایبەتی ئەمریکا پێشنیاز دەکات فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بخاتە شوێنی هەڵبژاردەی ئێران بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەبچێت. 
 
پاولۆ زامپۆلی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بە رۆژنامەی "فاینانشێڵ تایمز"ی راگەیاندووە، "پێشنیازم بۆ دۆناڵد ترەمپ و جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا کردووە کە ئیتاڵیا شوێنی ئێران بگرێتەوە لە مۆندیالی داهاتوو."
 
زامپۆلی کە خۆی بە رەچەڵەک ئیتاڵییە، دەڵێت، "ئەوە خەونێکە هەڵبژاردەی ئازۆری لە پاڵەوانێتییەکدا ببینی کە ئەمریکا میوانداری دەکات. ئیتاڵیا خاوەنی چوار نازناوی مۆندیالە و مێژووەکەی شایستەی ئەوەیە رێگەی پێبدرێت بەشداری بکات."
 
ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە، تاران پێشتر ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکەی لە مۆندیالەکەدا دەربڕیوە. هەفتەی رابردووش جیانی ئینفانتینۆ ئاماژەی بەوە کردبوو کە چاوەڕوان دەکرێت ئێران بەشداریی رکابەرییەکان بکات کە لە 11ی حوزەیران تاوەکو 19ی تەممووزی 2026 بەڕێوەدەچێت.
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئاداردا رایگەیاندبوو، پێشوازی لە تیمی ئێران دەکرێت، بەڵام گومانی لە گونجاویی ئامادەبوونیان کردبوو لەبەر "پاراستنی ژیان و سەلامەتییان"، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
 
ئێران لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا لە شارەکانی سیاتڵ و لۆس ئەنجلس بەرامبەر هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، نیوزلەندا و میسر یاری دەکات. پێشتریش فیفا داواکارییەکی ئێرانی بۆ گواستنەوەی یارییەکانی بۆ مەکسیک رەتکردەوە.