وەزیری وزەی ئەمریکا: کوردستان دەرفەتێکی گەورەیە و ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتیی رێککەوتنەکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزەی ئەمریکا، پاڵپشتیی ئیدارەی ترەمپی بۆ دوو رێککەوتنی وزە لەگەڵ هەرێمی کوردستان راگەیاند، کە بەهایان 110 ملیار دۆلارە.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا جەختی لەسەر گرنگیی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان کردەوە بۆ هاریکاریی ئابووری و ئاشتی لە ناوچەکە و رایگەیاند، ئەم رێککەوتنانە دەرفەتێکی گەورەن. هەروەها ئاماژەی بە پرۆژەی رووناکی کرد وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ دابینکردنی کارەبا، نەک تەنیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو عێراق.
وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی وزە و یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە ئێران، ئەمەش لەگەڵ دیدگەی سەرۆک ترەمپ بۆ بازرگانی نەک ململانێ یەکدەگرێتەوە.
دەقی گفتوگۆکە:
ئەندرو پاراسیلیتی، سەرۆکی پێگەی مۆنیتەر: سوپاس بۆ بەشداریکردنتان ئەمڕۆ لەگەڵمان لەم هەفتە گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنانی ئەمریکا لە پیشەسازیی وزەدا. با بە پرسیاری یەکەم دەستپێبکەم. سەرۆکوەزیران بارزانی ئەم هەفتەیە سەرپەرشتیی دوو رێککەوتنی گەورەی وزەی کرد، لەگەڵ وێسترن زاگرۆس کە چاوەڕوان دەکرێت 70 ملیار دۆلار داهات بەرهەمبهێنێت و HKN کە چاوەڕوان دەکرێت 40 ملیار دۆلار بەرهەمبهێنێت. بەغدا جارێکی دیکە، وەک چۆن لە رابردوودا بە شێوەیەکی سەرنەکەوتوو لە رێگەی سیستمی دادوەریی خۆیانەوە، لە دژی ئەم رێککەوتنانە وەستاوەتەوە؛ بەڵام ئیدارەی ترەمپ بە تووندی لە پشتی ئەم وەبەرهێنانانەی وزەوەیە، داوای لە بەغدا کردووە رێز لە گرێبەستە هەنووکەییەکان لە هەرێمی کوردستان بگرێت. تکایە لێدوانی خۆتانمان پێبدەن دەربارەی گرنگیی وەبەرهێنانی وزەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئەوەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئەم رێککەوتنانەدا بینیومانە.
کریس رایت, وەزیری وزەی ئەمریکا: وزە خوێنی ژیانبەخشی شارستانییەتە. ئەجێندای سەرۆک ترەمپ تاڕادەیەک سادەیە. خۆشگوزەرانی لە ناوخۆ و ئاشتی لە دەرەوەیە. کاتێک کۆمپانیاکان پێکەوە بازرگانی گەشە پێدەدەن و پێکەوە سەرچاوەکان پەرە پێدەدەن، پەیوەندیی ئاشتیانەتریان دەبێت. ئەوە ئامانجی ئێمەیە، کە ئەو پەیوەندییە بازرگانیانە بڵاوبکەینەوە، بازرگانی بهێنین، نەک ململانێ. من گفتوگۆیەکی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیران بارزانی هەبوو. پێموایە کوردستان سەرچاوەی سروشتیی زۆری هەیە. من دەرفەتی گەورە بۆ هاریکاریی ئەمریکی لەوێ دەبینم، وەک لە واژۆکردنی ئەم دوو رێککەوتنەدا دەرکەوت. زۆر حەز دەکەین ببینین ئەو پەیوەندییە بازرگانییە گەشە دەکات و دەبووژێتەوە. بەردەوامی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکە بدرێت، بەرهەمهێنانی نەوت لە ناوچەکە زیاد بکرێت، پرۆژەی زۆر گەورە لە بواری گازی سرووشتیدا هەن، کە دەتوانن یارمەتیی بەرهەمهێنانی کارەبا بدەن لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەروەها هەناردەکردنی بۆ دراوسێکان، پەرەپێدانی پیشەسازی و بنیاتنانی کەرەستە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پیشەسازی لە ناوچەکە. زۆر دڵخۆشم بەم هاریکارییانە.
ئەندرو پاراسیلیتی، سەرۆکی پێگەی مۆنیتەر: بەڕێز وەزیر، سەرۆکوەزیران بارزانی، کە دوای ئێوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ دەکرێت، بە درێژی باس لە پرۆژەیەکی سەرسوڕهێنەر دەکات کە دڵنیام هەردووکتان کەمێک باستان لێوە کردووە، پرۆژەی رووناکی لە هەرێمی کوردستان، کە کارەبا دەگەیەنێتە ملیۆنان کەس کە پێشتر نەیانبووە. ئەمە سەرکەوتنێکی سەرسوڕهێنەرە. تەنیا سنوورداریش نییە بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو نموونەیەک و دەرفەتێکە بۆ هەموو عێراق و تەنانەت زیاتریش. با ئەمە کەمێک فراوان بکەم و باس لە سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستان بکەم. هەموو بەیانییەک باسیان دەکەین. ئەوانە زۆرن، بەتایبەتی یەدەگی گازی، کە دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات ببێتە ناوەندێک بۆ هەموو عێراق و دەرەوەی عێراق بۆ وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی کاتێک دەبینیت چی لە سووریا روودەدات. ئەمە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە پیشەسازیی وزەدا، پشتگیری لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات. رزگارکردنی عێراق و ئەوانی دیکە لە پشتبەستن بە ئێران. ئەمە دەتوانێت لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێبکات. نابێت ببێتە گرژی لەگەڵ بەغدا. ئایا ئێوە یەدەگی گاز و وزەی هەرێمی کوردستان لەم چوارچێوەیەدا وەک هاوبەشێکی گریمانەیی بۆ پلانەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ یەکخستن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینن؟
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا: بێگومان، سەیرکە، ئەمڕۆ و بە درێژایی تەمەنی من، گەورەترین سەرچاوەی وزە لە جیهاندا نەوت بووە. نەوت باوەڕپێنەکراوە. ناتوانیت کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنت هەبێت. ناتوانیت ئەو شێوازە ژیانەی هەموومان هەمانە بەبێ نەوت هەبێت، بەڵام خێراترین سەرچاوەی وزەی گەشەسەندوو، جا سەیری 50 ساڵی رابردوو بکەیت یان 12 ساڵی رابردوو، خێراترین سەرچاوەی وزەی گەشەسەندوو لە جیهاندا گازی سرووشتییە. کواڵیتیی ژیانی خەڵک لە هەموو شوێنێک دەگۆڕێت، کە دەستیان بە گازی سرووشتی رادەگات، دەرفەتیان بۆ پیشەسازی هەیە بۆ دروستکردنی شتی زیاتر. هێشتا ملیارێک کەس هەن، کە بەزەحمەت دەستیان بە کارەبا رادەگات و ملیارێکی دیکەش تەنیا چەند کاژێرێک لە رۆژێکدا دەستیان بە کارەبا رادەگات. پەرەپێدانی گاز لە کوردستان و ژێرخانی کارەبای ئێستا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەیاندنی کارەبا بە خەڵکی باکووری عێراق، بە هەرێمی کوردستان و بە دراوسێکانیان، ئەمە نایابە. ئەمە زۆر لەگەڵ ئەجێندای سەرۆک ترەمپدا یەکدەگرێتەوە بۆ سەروەریی وزە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بۆ هاوپەیمانانمان لە دەرەوە. بۆیە بە بینینی ئەم پەرەسەندنە بازرگانیانە و پەرەپێدانی سەرچاوەکان زۆر دڵخۆشم. زۆرجار زاراوەی "سەرچاوەکان" بەکاردێت. وڵاتەکەمان بە سەرچاوەی مەزن داپۆشراوە. پێموایە زۆرجار ئەوە وشەیەکی هەڵەیە، چونکە کاتێک مادەکان لەژێر زەویدان، سەرچاوە نین. تەنیا کاتێک دەبنە سەرچاوە کە خەڵک و تەکنەلۆژیا و بارودۆخی بازرگانی رێگەیان پێدەدەن بەرهەمبهێنرێن و دابەشبکرێن. بۆیە ئێمە زۆر تامەزرۆین بۆ کارکردن لەگەڵ و پشتیوانیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بۆ گۆڕینی ئەو سەروەتە ژێر زەوییانەیان لە مادەوە بۆ سەرچاوە. بێگومان، لەو ناوچەیە و لەنێو گەلی کورددا، مێژوویەکیان هەیە لە کردنی ئەم کارە. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیبینین ئەوەیە کە ئەم هاریکارییە فراوانتر بکرێت و گەشەی پێبدرێت. ئەمە بۆ ئابووریی ئەوێ باشە. بۆ ئەمریکا و کۆمپانیا هاوبەشەکانمان لەوێ باشە. بۆ هەموو ئەوانەی سوود لەو سەرچاوە وزە زیادکراوانە وەردەگرن باشە.
ئەندرو پاراسیلیتی، سەرۆکی پێگەی مۆنیتەر: لە گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێوە لەگەڵ سەرۆک ترەمپ بوون و حەز دەکەم بیر لەو هەفتە سەرسوڕهێنەرە بکەیەوە کە لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا هەتانبوو. لە چوارچێوەی ئەوەی ئەم هەفتەیە روویداوە لەگەڵ راگەیاندنی رێککەوتنەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ئایا لە هەردوو شوێندا رەوتێکی هاوشێوە بۆ سیاسەتی ئەمریکا نابینین؟ متمانەکردن بە ئابووریی ئەمریکا و حکومەتی ئەمریکا بە وەبەرهێنانی گەورە و هەرێمی کوردستان، ئایا ئەمە رەوتێک نییە کە دەیبینین و بەشێکە لە هەواڵێکی خۆش لەڕووی وزەوە؟
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا: ئەمە رەوتێکە. ئەمە هەواڵێکی خۆشە. ئیدارەی پێشوومان لێرە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیویست بە جۆرێک پشت لە هاوپەیمانانمان بکات لە ناوچەکە و هەموو هەوڵەکانی بخاتە سەر گەورەترین سەرچاوەی کێشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئێران بووە، هێزێکی ناسەقامگیرکار بووە لە سەرانسەری ناوچەکەدا و بە خێراییەکی زۆر کار بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی دەکات. ئێمە دەمانەوێت باوەش بۆ هاوپەیمانانمان بکەینەوە لە ناوچەکە بۆ بازرگانی، هاوپەیمانێتی، پێشکەوتن. دیسانەوە، بازرگانی، نەک ململانێ. دەمانەوێت ببینین ئێران بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە دروستکردنی کێشە لە ناوچەکەدا دەهێنێت. بیربکەنەوە چەند بەرهەمدار، چەند گەورە دەبێت، ئەگەر خەڵک سەرنجیان لەسەر بازرگانی، ئاشتی و خۆشگوزەرانی بێت. ئەوە دیدگای سەرۆک ترەمپە. پێموایە لەلایەن سەرچاوەکانی وزەی هەرێمی کوردستانەوە پشتگیری دەکرێت. عێراق، وەک ئەمڕۆ باسمان کرد، ئەم هاوینە دیسانەوە قەیرانی کارەبای دەبێت. حکومەتی فیدراڵی عێراق پشت بە ئێران دەبەستێت بۆ کارەبا و گاز، گەلی عێراقیش بەهۆیەوە دەناڵێنن. هەرێمی کوردستان سەرچاوە، دیدگە و توانای هەیە لە رێگەی پرۆگرامی کارەبای 24 کاژێرییەوە بتوانێت کارەبا دابین بکات. ئەمە دەتوانێت هەنگاوێکی راستەقینە بێت لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار و لە وەرچەرخاندنی ناوچەکە بەرەو سەروەت و وەبەرهێنانی ئەمریکی نەک ئێرانی. کۆمپانیا ئەمریکییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ خەڵکی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، سەرچاوەکانی وزە لەناو عێراقدا پەرە پێدەدەن. ئەگەر سەرچاوەی وزەت لەناو وڵاتی خۆتدا هەبێت یان لەلایەن وڵاتانی دۆستەوە دابینبکرێن، دەتوانیت کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخواز و خۆشگوزەرانت هەبێت؛ بەڵام من لەگەڵ بنەمای پرسیارەکەتدام، کە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران رێگایەک نییە بەرەو ئاشتی و خۆشگوزەرانی.
ئەندرو پاراسیلیتی، سەرۆکی پێگەی مۆنیتەر: یەکێک لە هەواڵە ئەرێنییەکان دەربارەی رێککەوتنەکانی Western Zagros و HKN، رێککەوتنی Western Zagros بە پشتیوانیی بازرگانیی بەهێزی حکومەتی ئەمریکا بوو. کاتێک ئەمانە راگەیاندران، هەردووکیان بە تووندی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوە پشتیوانی کران. وا دیارە وەرچەرخانێکی بەرچاو لە سیاسەتدا بەرەو وەبەرهێنانی ئەمریکا هەیە. مارکۆ روبیۆ ئەم هەفتەیە رایگەیاند کە هەرێمی ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان بنچینەیەکە بۆ سیاسەتی ئەمریکا، ئەوە ئەم جۆرە بەشدارییە بازرگانی و وزانە دەگرێتەوە. لەڕووی بازاڕەکانی وزەی گشتییەوە کە سەیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەی لە ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵی داهاتوودا، چۆن لەگەڵ وێنە گەورەکەی سیاسەتی وزەی ئەمریکادا دەگونجێت؟
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا: لە گەشتەکەماندا سەردانی سێ هاوپەیمانی سەرەکیی ویلایەتە یەکگرتووەکانمان کرد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە بەرهەمهێنەری گەورەی وزەن. ئێمە جۆرێک لە بەرژەوەندیی دوولایەنەمان هەیە. یەکێکیان لەوێ ئەوەیە کە سەرچاوەکانی وزە بۆ ئەمریکا و بۆ جیهان و بۆ هاوپەیمانانمان لە دەرەوە گەشە پێبدەین. ئەمانە بەرهەیمهێنەری گەورەی وزەن، کە وەبەرهێنانمان لە کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە هەیە یارمەتیی بەرهەمهێنان دەدەن لە هەموو ئەو وڵاتانەدا. ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمهێنەری وزەی زۆر سەرکەوتوو بوون، سەرمایەیەکی زۆری زیادەیان بەرهەمهێناوە و پێویستیان بە وەبەرهێنان هەیە. شوێنی سەرەکیی وەبەرهێنانیان ویلایەتە یەکگرتووەکانە. بۆیە ئەمە وەبەرهێنان دەهێنێتە ناو وڵاتەکەمانەوە، یارمەتیی دووبارە بە پیشەسازییکردنی وڵاتەکەمان دەدات، دەرفەتی کار بۆ دڵی ئەمریکا و سەرانسەری ئابووریمان دەهێنێت. بەشداریی نزیکتر لەگەڵ هاوپەیمانانمان، پەیوەندیی بازرگانی، وەبەرهێنانی ئەمریکا لە ناوچەکانی دیکە و بەشەکانی دیکە جیهان، وەک لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەیبینین. ئەوان پەیوەندیی بازرگانیی نزیکتر پەرە پێدەدەن و لە کۆتاییدا، دەبینین وەبەرهێنان بە ئاراستەی پێچەوانەشەوە دەڕوات؛ بەڵام کاتێک خەڵک پەیوەندیی بازرگانیی تووندوتۆڵیان هەبێت لە کۆمەڵگە بە وزەکراوەکاندا، دەتوانیت جیهانێکی ئاشتیخواز و خۆشگوزەرانت هەبێت. ئەوە ئەجێندای سەرۆک ترەمپە و پێم وایە ئەمە تەواو لەو رەوتەدا دەگونجێت.
ئەندرو پاراسیلیتی، سەرۆکی پێگەی مۆنیتەر: سوپاس. وەک گوتم، بەراستی هەفتەیەکی پڕ لە رووداوی گرنگ بووە چ بۆ سیاسەتی وزەی ئەمریکا بەم مامەڵانە. وەک دەزانن، لەناو عێراقدا، هەرێمی کوردستان هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگ بووە، نەک تەنیا لەڕووی وزەوە، نەک تەنیا لەڕووی بازرگانییەوە، بەڵکو وەک هاوبەشییەک، هاوبەشێکی ستراتیژی لە شەڕی دژی تیرۆریستان و لابردنی دیکتاتۆریەتی سەدام حوسێن چەندین ساڵ لەمەوبەریش.
کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا: لە تێکشکاندنی داعشدا، گەلی کورد و هێزە کوردییەکان، لە زۆر پرسدا هاوپەیمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون.
ئەندرو پاراسیلیتی، سەرۆکی پێگەی مۆنیتەر: دەمەوێت زۆر سوپاستان بکەم بۆ بەشداریکردنتان لەگەڵمان بۆ ئەم گفتوگۆیە. زۆر سوپاس.