رووسیا و ئۆکراینا 780 دیلی جەنگ و هاووڵاتی سڤیلیان ئاڵوگۆڕ کرد
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی رووسیا دەڵێت، 270 دیلی جەنگ و 120 سڤیلی دەستبەسەرکراوی لەگەڵ ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕکردووە، ئەوەش هەفتەی رابردوو لە دانوستاندنەکانی ئیستەنبووڵدا لەگەڵ شاندی ئۆکراینا رێککەوتنی لەسەر کرابوو.
رۆژی هەینی 23-05-2025 وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە: "270 سەربازی رووسی و 120 هاووڵاتی سڤیل کە خەڵکی هەرێمی کورسک بوون و لەلایەن سوپای ئۆکرانیاوە دەستبەسەرکرابوون، گەڕێندرانەوە. لە بەرامبەردا 270 زیندانیی جەنگیی ئۆکراینی و 120 سڤیل رادەستی ئۆکرانیا کرانەوە."
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە ئێکس بڵاویکردەوە: "قۆناخی یەکەمی ئاڵوگۆڕی (1000 بە 1000) بەڕێوەچوو. ئەمڕۆ 390 کەس بوون؛ پێشبینی دەکەین رۆژانی شەممە و یەکشەممە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەردەوام بێت."
ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند: "ئاڵوگۆڕێکی گەورەی دیل هەر ئێستا تەواو بوو."
ترەمپ بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی ئاڵوگۆڕەکە ئاشکرا بکات، گوتی: "پیرۆزبایی لە هەردوولا دەکەم لەسەر ئەم دانوستاندنە. ئایا ئەمە دەبێتە هۆی شتێکی گەورەتر؟"
راگەیێندراوەکەی ترەمپ دوای ئەوە هات، مۆسکۆ و کیێڤ لە گفتوگۆکانی ئیستەنبووڵ لە سەرەتای ئەم مانگە رێککەوتن لەسەر ئەوەی هەریەکەیان هەزار دیلی یەکدی ئازاد بکەن.
هەردوولا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە چەندین جار دیلیان ئاڵوگۆڕ کردووە و تەنیا لەم مانگەدا هەریەکەیان 205 دیلی یەکدیان ئازاد کردووە.
ئەم هەفتەیەش کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملن) رایگەیاند، ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ باسیان لە گۆڕینەوەی دیلەکان کردووە.
شاندەکانی رووسیا و ئۆکراینا هەینیی رابردوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی نزیکەی سێ ساڵدا دانوستاندنی راستەوخۆیان لە ئیستەنبووڵ کرد، بەڵام گفتوگۆکان بەبێ هیچ پابەندبوونێک بە ئاگربەست کۆتاییان هات.