12 کەس لە هامبۆرگی ئەڵمانیا بە چەقۆ بریندارکران؛ 'هێرشکارەکە ژن بووە'
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیس و ئاگرکوژێنەوەی شاری هامبۆرگ دەڵێن، لە هێرشێکدا 12 کەس لە وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەری شارەکە لە باکووری ئەڵمانیا بە چەقۆ هێرشیان کراوەتە سەر و بریندارکراون. میدیای ئەڵمانیا دەڵێت، ژنێک دەستگیرکراوە.
پۆلیسی هامبۆرگ لە پۆستێکدا لە ئێکس رایگەیاند: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کەسێک بە چەقۆ چەند کەسێکی لە وێستگەی سەرەکیی شەمەندەفەر بریندارکردووە."
گوتەبێژێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوەی هامبۆرگ رایگەیاند، 12 کەس برینداربوون و هەندێکیان برینیان سەختە.
میدیای ئەڵمانیا رایگەیاند: "دۆخی شەش لە بریندارەکان جێگیر نییە. بەشێک لە بریندارەکانیش لە وێستگەکە فریاگوزاریی سەرەتاییان بۆ کراوە."
سەرچاوەیەکی دیکە رایگەیاند: "پۆلیس ژنێکی دەستگیر کردووە."
تاوەکو ئێستا پۆلیس هیچ زانیارییەکی لەسەر پاڵنەری هێرشەکە و هێرشکارەکە بڵاونەکردووەتەوە.
دۆیچەبان، کۆمپانیای بەکارخەری وێستگەکە رایگەیاند: "هاتووچۆی شەمەندەفەرەکان پەکی کەوتووە و چەند گەشتێک دوادەخرێن یان هەڵدەوەشێنەوە."
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، رۆژی 18-05-2025 لە یانەیەکی شەوانەی شاری بیلەفێڵت، لە رۆژئاوای ئەڵمانیا، چوار کەس بە چەقۆ بریندارکران.