حکومەتی ئەمریکا وەرگرتنی قوتابیی نێودەوڵەتی لە زانکۆی هارڤارد راگرت
رووداو دیجیتاڵ
گرژییەکانی نێوان ئیدارەی ئەمریکا و زانکۆی هارڤارد سەبارەت بە رەتکردنەوەی داوایەکی سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی قوتابییە نێودەوڵەتییەکانەوە لە زیادبووندان. واشنتن وەرگرتنی ئەو قوتابیانەی لەلایەن زانکۆکەوە راگرت، ئەوەش نیگەرانیی بەشێکی زانکۆ و دامەزراوەکانی ئەو وڵاتەی لێکەوتەوە.
نیۆم کریستی، وەزیری ناوخۆی ئەمریکا لە نامەیەکدا بۆ پەیمانگای ئیڤی کە تایبەتە بە مۆڵەتدان بە قوتابییە نێودەوڵەتییەکان بۆ خوێندن لە زانکۆکانی ئەمریکا رایگەیاند، خزمەتگوزاری تایبەت بە رێگەدان بە خوێندنی قوتابییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی هارڤارد راگیرا. دەشڵێت، ئەو بڕیارە "دەستبەجێ بەرکارە".
زانکۆی هارڤارد راگەیێندراوێکی سەبارەت بە گوتەکانی وەزیری ناوخۆ بڵاوکردەوە و هەنگاوەکەی بە نایاسایی دانا. زانکۆکە دەڵێت: "بە تەواوی پابەندین بە پاراستنی توانای هارڤارد بۆ پێشوازیکردن لە قوتابی و لێکۆڵینڤانە نێودەوڵەتییەکان". ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە مەترسییەکی جدییە لەسەر زانکۆکەیان و تەواوی ئەمریکا و پشتگوێخستنی توانا ئەکادیمیەکانی هارڤاردە.
پەیمانگای تەکنەلۆژیی ماساچوستس کە یەکێکە لە پەیمانگە تەکنەلۆژییە بەناوبانگەکانی جیهان هەنگاوەکەی حکومەتی بە "نایاسایی" دانا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی چەند جارێک هەوڵیانداوە زانکۆکە ملکەچ بکات بۆ ئەوەی کۆتایی بە خۆپێشاندانەکانی لایەنگری فەلەستین بێنن، ئەوەش لە رێگەی هەڕەشەی بڕینی بودجە، لێخۆشنەبوون لە باج و رێگری لە وەرگرتنی خوێندکارانی بیانی، بەڵام هارڤارد رەتیکردووەتەوە خۆی بۆ داواکارییەکانی ترەمپ بچەمێنێت.
ئەوەی وایکردووە ترەمپ لە هارڤارد تووڕە بێت، ئەوەیە کە زانکۆکە رەتیدەکاتەوە حکومەت سەرپەرشتیی پڕۆسەی وەرگرتنی خوێندکاران بکات.
٪27ی قوتابیانی زانکۆی هارڤارد نێودەوڵەتین. تاوەکو ئێستا دەرچووانی زانکۆکە توانیویانە 162 خەڵاتی نۆبڵ ببەنەوە.
کۆمەڵەی مامۆستایانی زانکۆی ئەمریکا لە زانکۆی هارڤارد لە راگەیێندراوێکدا هەنگاوەکەی ئیدارەی ترەمپ بە کارێکی تاکڕەوی دادەنێن دژی بەتەمەنترین دامەزراوەی پەروەردەیی ئەمریکا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت بە نایاسایی خوێندنی باڵای ئەمریکا لەنێوببات. ئێستا داوادەکات واز لە قوتابییە نێودەوڵەتییەکان بهێنین. زانکۆکان ناتوانن ئەم جۆرە پێشێلکردنی مافە قبوڵبکەن".
وردەکاری نامەکەی وەزیری ناوخۆ
وەزیری ناوخۆی ئەمریکا لە نامەکەیدا دەڵێت، "وەکو ئەوەی لە نامەکەی مانگی نیساندا بۆم روونکردنەوە، وەرگرتنی قوتابییە بیانییەکان شانازییە، بەڵام پێویستە زانکۆکان پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ بن،" بۆ ئەوەی بتوانن ئەو شانازییەیان بمێنێت.
وەزیری ناوخۆ لە نامەکەیدا هەروەها نووسیویەتی: "لە ئەنجامی رەتکردنەوەی پابەندبوونی زانکۆی هارڤارد بە ژمارەیەک داواکاریی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پێشکێشکردنی زانیاری تایبەت بە قوتابیان و دروستکردنی ژینگەیەکی ناسەلامەت لە کەمپەسەکانی، کە مەترسییە بۆ سەر قوتابییە جووەکان و پاڵپشتییە بۆ حەماس، ئەو شانازییەیان لەدەستدا."
وەزیری ناوخۆی ئەمریکا داوای لە قوتابییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆکە کردووە بە زووترین کات خوێندنیان لەو زانکۆیەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە بگوازنەوە کە بەشێکیان رەتیانکردووەتەوە ئەو کارە بکەن.
پێشتریش ئیدارەی ترەمپ ژمارەیەک رێکاری تووندی دژی زانکۆکە گرتبووەبەر. مانگی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری سڕکردنی ئەو 2.2 ملیار دۆلارەی دا، کە وەک خەرجیی فیدراڵی بە زانکۆکە دەدرا.