رووسیا: لە دوێنێ شەوەوە 112 درۆنی ئۆکراینیمان خستووەتە خوارەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیێنێت، لە دوێنێ شەوەوە لانیکەم 112 درۆنی ئۆکراینییان خستووەتە خوارەوە و بەوهۆیەوە هەشت کەس بریندار بوون.
 
رۆژی هەینی، 23ـی ئایاری 2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە، "سیستمی بەرگری ئاسمانی 112 درۆنی ئۆکراینی تێکشکاندووە."
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، 24 لە درۆنەکان ئاراستەی مۆسکۆ کرابوون و پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان، تێکشکێندراون. 
 
ئیگۆر ئارتامۆنۆڤ، پارێزگاری هەرێمی لیپتسک رایگەیاند، هەشت کەس لە هەرێمەکە بریندار بوون، کە دەکەوێتە نزیکەی 450 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی مۆسکۆ، ئەوەش دوای ئەوەی درۆنێکی تێکشکێندراو دەکەوێتە نێو ناوچەیەکی پیشەسازی.
 
لە دوو رۆژی رابردوودا، ئۆکراینا هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر رووسیا چڕ کردووەتەوە. رۆژی چوارشەممە، بەرپرسانی رووسیا رایانگەیاند، لانیکەم 20 درۆنی ئۆکراینییان خستە خوارەوە، کە ئاراستەی مۆسکۆ کرابوون.  
 
هێرشە درۆنییەکانی رۆژی چوارشەممە بوونە هۆی راگرتنی گەشتی چوار فڕۆکەخانەی مۆسکۆ.
 
زیاتر لە سێ ساڵە جەنگی ئۆکراینا بەردەوامە و هەردوولا لە سەرەتای جەنگەکەوە رۆژانە بە نزیکەیی هێرشی درۆنی دەکەنە سەر یەکدی، بەڵام مۆسکۆ کەمتر کاریگەری درۆنەکانی لەسەر هەبووە.
 
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا چەندین جار داواکارییەکانی کیێڤ و رۆژئاوای بۆ ئاگربەستێکی بێمەرج و دەستبەجێ رەتکردووەتەوە. 
 
رووسیا بە نیمچەدوورگەی کریمیاشەوە کە لە 2014 کۆنترۆڵی کردووە، نزیکەی پێنج یەکی خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵ کردووە. 
 
شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، ناچارکردنی ملیۆنان کەس بەجێهێشتنی ماڵەکانیان، وێرانکردنی شار و گوندەکان لە سەرانسەری رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیا.