قەتەر سێیەمین کەشتیی گازی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
داتاکانی چاودێری دەریایی ئاشکرای دەکەن، سێیەمین کەشتیی گازی سرووشتی قەتەر رۆژی هەینی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیوە و ئێستا بەرەو چین بەڕێوەیە. ئەمە لە کاتێکدایە شاندێکی قەتەر گەیشتوونەتە تاران بۆ ئەوەی وەک نێوەندگیر یارمەتیدەربن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
دوو هەفتە لەمەوبەر، بەپێی رێککەوتنێکی نێوان ئێران، پاکستان و قەتەر، یەکەم کەشتیی گازی شلی قەتەر بە رەزامەندیی ئێران بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕی.
بەپێی داتاکانی بۆرسەی لەندەن تایبەت بە هاتووچۆی دەریایی، ناوی سێیەم کەشتیی قەتەر (سەهلا)یە و توانای هەڵگرتنی 211,842 مەتر سێجا گازی هەیە و بەندەری (راس لافان)ـی جێهێشتووە و چاوەڕوان دەکرێت لە 14ی حوزەیران بگاتە وێستگەی گازی شلکراوی "تیانجین" لە چین.
دوو کەشتیی قەتەر کە پێشتر بە تەنگەکەدا تێپەڕیبوون، بە رەزامەندیی ئێران بووە و ئەو گازەی کە گواستراوەتەوە، فرۆشراوە بە پاکستان.
قەتەر دووەم گەورەترین هەناردەکاری گازی شلکراوە لە جیهاندا و زۆربەی بارەکانی بۆ کڕیاران لە ئاسیا دەچێت. هێرشەکانی ئێران بوونەتە هۆی لەناوبردنی 17٪ی توانای هەناردەکردنی گازی ئەو وڵاتە کە یەکسانە بە 12.8 ملیۆن تۆن لە ساڵێکدا. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (قەتەر ئێنێرجی) پێشتر رایگەیاندبوو، چاککردنەوەی ئەو زیانانە رەنگە 3 بۆ 5 ساڵی پێبچێت.