لە ئەنجامی تەقینەوە لە کانێکی خەڵووزی چین زیاتر لە 80 کرێکار گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

میدیا فەرمییەکانی چین رایانگەیاند، بەهۆی تەقینەوەی گاز لە کانێکی خەڵووز لە باکووری ئەو وڵاتە، زیاتر لە 80 کەس گیانیان لەدەست دا. تەقینەوەکە شەوی هەینی لە کانیی خەڵووزی (لیوشێنیو)  لە هەرێمی شانسی رووی دا، کاتێک 247 کرێکار لە ژێر زەویدا خەریکی کارکردن بوون.
 
بەگوێرەی راپۆرتی کەناڵی فەرمیی (CCTV)، تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانی 82 کەس و بێسەروشوێنبوونی 9 کەسی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە ژمارەی قوربانییان زۆر بە خێرایی بەرزبووەتەوە، چونکە لە سەرەتادا تەنیا گیانلەدەستدانی 8 کەس راگەیێندرابوو. (شی جینپینگ)، سەرۆکی چین، داوای کردووە "هەموو هەوڵێک" بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و لێکۆڵینەوەی ورد لە رووداوەکە بدرێ.
 
سەرۆکی چین جەختی کردەوە، دەبێت هەموو ناوچە و دەزگە و فەرمانگەکان لەم کاره‌ساتە وانە وەربگرن و هەردەم لەبارەی سەلامەتیی شوێنی کار هۆشیار بن تاوەکو رێگری لە رووداوە گەورە و جەرگبڕەکان بگرن. ئاژانسی (شینوا) ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، چەندان کرێکاری دیکە لە ژێر زەویدا گیریان خواردووە و باری تەندروستیی هەندێکیان ناجێگیرە.
 
هەرێمی شانسی یەکێکە لە ناوچە هەژارەکانی چین، و وەکو ناوەندی سەرەکیی کانەکانی خەڵووز لەو وڵاتەدا دەناسرێ. هەرچەندە لە چەند ساڵی رابردوودا مەرجەکانی سەلامەتی لە کانەکانی باشتر کراون، بەڵام رووداوی لەم شێوەیە زۆردووبارە دەبنەوە، چونکە زۆرجار رێنوینییەکان بە وردی جێبەجێ ناکرێن. چین گەورەترین بەکارهێنەری خەڵووزە لە جیهاندا و زۆرترین گازە زیانبەخشەکان دەڕێژێنێتە ناو بەرگی هەوا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە بە خێراییەکی زۆرخەریکی جێگیرکردنی سیستەمەکانی وزەی نوێبووەوەیە تاوەکو لەم قۆناخە تێپەڕێت و بناخەیەکی نوێ بۆ کەرتی وزە دابنێت.