ئیسپانیا: لە کاتی پێشوازی لە چالاکڤانانی کەشتیی غەززە، پێکدادان روویدا
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی ئیسپانیا رایگەیاند، چوار کەسیان لە فڕۆکەخانەی بیلباو لە باکووری ئیسپانیا دەستگیرکردووە، دوای ئەوەی لە کاتی پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی چالاکڤانانی بەشدار لە کەشتیی هاوکاریی غەززە، پێکدادان روویدا.
رووداوەکە رۆژی شەممە 23-05-2026 روویدا، کاتێک کۆمەڵێک لە لایەنگرانی چالاکڤانەکان لە هۆڵی پێشوازی کۆببوونەوە، بۆ پێشوازیکردن لە شەش کەسیان کە لە تورکیاوە دەگەڕانەوە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کرابوون.
بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئیسپانیا، کاتێک یەکێک لە خزمەکانی چالاکڤانەکان هەوڵیداوە لێیان نزیکببێتەوە، پۆلیسێک بە زۆر رێگریی لێکردووە و ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەڕ لەنێوان هەردوولادا.
وێنە بڵاوکراوەکان دەریانخستووە، ئەفسەرانی پۆلیس بە دارعەسا لە خەڵک دەدەن و خەڵکی دیکە بە زەوی دادەدەن. پۆلیسی هەرێمی باسک لە راگەیێندراوێکدا گوتی، چوار کەس بە تۆمەتی "سەرپێچیی گەورە، رێگریکردن لە دەستگیرکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ئەفسەرانی جێبەجێکردنی یاسا" دەستگیرکراون.
راگەیێندراوەکە دەشڵێ، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ناوخۆی پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی ئەوەی ئایا رەفتاری ئەفسەرەکان گونجاو بووە یان نا.
دوای رێگریکردن لە کەشتییەکانیان لە دوایین هەوڵدا بۆ شکاندنی گەمارۆی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی فەڵەستین، هێزەکانی ئیسرائیل سەدان چالاکڤانیان لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە دەستبەسەر کرد. بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسپانیا، 44 ئیسپانی لەنێو چالاکڤانەکاندا بوون.
رۆژی شەممە، نزیکەی 20 چالاکڤانی دیکە گەیشتنە فڕۆکەخانەی بارسێلۆنا و لەلایەن کۆمەڵێک لە لایەنگرانیانەوە پێشوازییان لێکرا، کە ئێرنست ئۆرتاسن، وەزیری رۆشنبیریی ئیسپانیاش لەنێویاندا بوو.