بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر ئێران، جەی دی ڤانس دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی رۆژی شەممە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بێ بەرنامەی پێشوەختە گەڕایەوە کۆشکی سپی، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سایەی پێشهاتە بەردەوامەکانی پەیوەست بە ئێرانەوە، کۆبوونەوەیەکی باڵا و بەپەلەی ئاسایشی نیشتمانیی رێکخست.
بەپێی چەندین راپۆرت و گوتەی شایەتحاڵەکان، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ڤانس بینراون کە بە خێرایی بەنێو واشنتندا تێدەپەڕن بۆ گەیشتن بەو کۆبوونەوەیەی کە ترەمپ لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان رێکیخست، کە تێیدا هەریەک لە مارکۆ رووبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و هەردوو نێردەکەی، ستیڤ ویتکۆف و جارێک کوشنەر ئامادە بوون.
بڕیاربوو کۆبوونەوەکە تایبەت بێت بە رەشنووسی رێککەوتننامەیەکی پێشنیازکراو لەگەڵ ئێران، دانوستاندنەکان، هەروەها هەنگاوەکانی داهاتوو دوای چەندین مانگ لە گرژی و ئاڵۆزی.
لە لایەکی دیکەوە، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە ترەمپ لەگەڵ چەندین سەرکردەی عەرەبی و وڵاتانی کەنداو و گفتوگۆی لەبارەی دۆخەکەوە کردووە و بڕیاربوو لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش بە تەلەفۆن قسە بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەگەری رێککەوتنەکە دەکات، هاوکات هەڵوێستێکی تووندیشی پێشانداوە؛ بە جۆرێک کە رایگەیاندووە ئەگەرەکان لەنێوان دیپلۆماسی و ئەگەری دەستپێکردنەوەی کردەوەی شەڕ "50 بە 50ـیە"، ئەوەش لە کاتێکدا ئەگەر داواکارییە سەرەکییەکانی، بەتایبەتی رێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، جێبەجێ نەکرێن.