لووتکەی وزە لە نیودەلهی؛ ئەمریکا دەیەوێت بازاڕی هیندستان لە چنگی ئێران و رووسیا دەربهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بۆ گەشتێکی 4 رۆژە گەیشتە هیندستان. ئەم سەردانە لە کاتێکدایە جیهان لە نێوەڕاستی قەیرانێکی گەورەی وزەدایە کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروستبووە. روبیۆ دەیەوێت لەڕێگەی فرۆشتنی بڕێکی زۆر لە وزەی ئەمریکا بە هیندستان، کێشەی سووتەمەنیی ئەو وڵاتە چارەسەر بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە شاری (کاڵکەتە) و بڕیارە سەردانی شارەکانی (نیودەلهی، جایپوور و ئاگرا) بکات. تەوەری سەرەکیی دیدارەکەی لەگەڵ ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان، پرسی وزە دەبێت. 
 
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر ئێران لە مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە، هاتووچۆی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز پەکیکەوتووە. ئێران داخرانی ئەم رێڕۆیە وەک تاکتیکێکی گوشار لە دانوستاندنەکاندا بەکاردەهێنێت.
 
هیندستان کە زیاتر 80٪ـی وزە لە دەرەوە هاوردە دەکات، یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە؛ چونکە بژێوی زیاتر لە 1.4 ملیار مرۆڤ لەو وڵاتەدا بەستراوەتەوە بە گەیشتنی سووتەمەنی و گازی چێشتلێنان. 
 
مارکۆ روبیۆ دانی بەم ئاڵنگارییانەدا نا و گوتی: "ئێمە دەمانەوێت ئەوەندەی هیندستان بیەوێت، وزەیان پێ بفرۆشین. بەرهەمهێنان و هەناردەی ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی مێژوویی."
 
ڤینیت پراکاش، مامۆستای زانکۆ لە نیودەلهی، بە (بی بی سی) راگەیاند: "ئاسایشی وزە تەوەری سەرەکیی ئەم سەردانەیە، چونکە کێشەی ئێران بەمزووانە چارەسەر نابێت."
 
ئەوەی بەرپرسانی هیندستانی نیگەران کردووە، رێزی زۆری تره‌مپە بۆ عاسم مونیر، سوپاسالاری پاکستان. هەوڵەکانی پاکستان بۆ نێوەندگیری لەنێوان ئەمریکا و ئێران، ئیسلامئاباد و واشنتنی لەیەک نزیکتر کردووەتەوە. ڤینیت پراکاش دەڵێت ئەمە سەیر نییە، چونکە پاکستان سنوورێکی درێژی لەگەڵ ئێران هەیە و بۆ ئەمریکا گرنگە کە لێی نزیک بێت.
 
رێککەوتنە بازرگانییەکان و بەڵێنە گەورەکان
 
لە چەند مانگی رابردوودا واشنتن و نیودەلهی هەوڵیانداوە لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە. تره‌مپ بڕیاریدا باجی سەر کاڵا هیندییەکان لە 50٪ـەوە بۆ 18٪ و دواتر بۆ 10٪ دابەزێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی هیندستان لە رێککەوتنێکی کاتیدا بەڵێنیدا بە بەهای 500 ملیار دۆلار چەک، تەکنەلۆژیا، فڕۆکە و وزە لە ئەمریکا بکڕێ. 
 
جەنگی ئێستا لە 28ـی شوباتی 2026 بە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد. تاران وەک کاردانەوە تەنگەی هورمزی داخست کە ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە لە جیهاندا.