یۆنان 145 کۆچبەر لەسەر سنووری تورکیا رزگاردەکات
رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی سنووریی یۆنان رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، 145 کۆچبەری گیرخواردووی لە دوورگەیەکی بچووکی رووباری مەریچ/ئێڤرۆس لەسەر سنووری تورکیا رزگارکراون.
میدیای یۆنان لە زاری تیمێکی سەر بە خاچی سووری یۆنانی بڵاویکردەوە کە 45 ژن و 30 منداڵ لەنێو ئەو کۆچبەرانەدا بوون و "لە دۆخێکی باشدان."
بەگوێرەی پۆلیسی یۆنان، قاچاخچییەکان کە تاوەکو ئێستا نازانرێت کێن، لەسەر سنوور کۆچبەرانیان جێهێشتووە و رۆیشتوون.
پانایۆس هاریلاس، سەرۆکی پاسەوانی سنووری یۆنان دەڵێت: "ئەمە یەکەم جار نییە قاچاخچییەکان کۆچبەران پاڵدەنێنە نێو سنوورەکانی یۆنان."
یۆنان کە دەکەوێتە سەر سنووری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، تورکیا تۆمەتباردەکات بە ئاسانکاریکردن بۆ پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ نێو خاکەکەی.
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیش، لە رووداوێکی هاوشێوەدا، پاسەوانی سنووری یۆنان 91 کۆچبەری رزگارکردن کە بەشێکی زۆریان کوردانی ئێزدی بوون.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، هەزاران کۆچبەر، بە تایبەتی لە سووریا، ئەفغانستان و پاکستانەوە، لە تورکیاوە کۆچیان کردووە بۆ یۆنان، بەو هیوایەی کە خۆیان بگەیێننە وڵاتانی رۆژئاوای ئەوروپا.
بەهۆی ئەوەی گەڕانی پاسەوانی کەناراوەکان لە نێو دەریای ئیجەدا زیادیکردووە، کۆچبەران ناتوانن بە دوورگە یۆنانییەکان بگەن، بۆیە زۆریان هەوڵدەدەن لەو رووبارە بپەڕنەوە کە بووەتە هێڵی سنووریی نێوان یۆنان و تورکیا، لە کاتێکدا قاچاخچییەکان هەوڵدەدەن لەوێوە لە رێگەی وشکانییەوە بیانگوازنەوە.
حکومەتی نەریتخوازی یۆنان کە ماوەی بەسەرچووە و پێشبینی دەکرێت لە 25ی حوزەیران بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، بڕیاریدابوو پەرژینێکی ئاسنین کە پێنج مەتر بەرزە، دەو رووبار و دەو رووبار، 25 کیلۆمەتر درێژبکاتەوە. ئێستا پەرژینەکە 38 کیلۆمەتر درێژە و ئەسینا ئامانجییەتی تا ساڵی 2026 بیگەیێنێتە 100 کیلۆمەتر.