دانیمارک پیاوێک بە هەوڵدان بۆ هێرشکردنە سەر باڵیۆزی ئێران تۆمەتبار دەکات


رووداو دیجیتاڵ

داواکاری گشتیی دانیمارک پیاوێکی ئێرانی تۆمەتبار دەکات بەوەی هەوڵیداوە بە چەقۆ هێرشبکاتە سەر باڵیۆزی ئێران لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە کۆپنهاگن. 

داواکاری گشتیی دانیمارک رۆژی هەینی رایگەیاند، لەسەر هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەیەکی بیانی، تۆمەتی ئاراستەی پیاوە ئێرانییەکە کردووە؛ سەرچاوەیەکی نزیک لە دۆسیەکە پشتڕاستیکردەوە مەبەست لێی باڵیۆزخانەی ئێرانە لە کۆپنهاگن.
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2022، پۆلیسی دانیمارک رایگەیاند، پیاوەکە بە چەقۆوە بەرەو باڵیۆز ئەفسانە نادیپوور رایکردووە "بە نیازی ئەوەی بە چەقۆ لیێ بدات."
 
هێرشکارە گومانلێکراوەکە تەمەنی 33 ساڵە و لە لایەن کارمەندانی باڵیۆزخانەکەوە قۆڵبەستکرابوو. تاران پیاوەکەی تۆمەتبارکرد بەوەی ویستوویەتی نادیپوور بکوژێت و رەخنەی لە پۆلیسی دانیمارک گرت بەوەی لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست، زۆر خاو بووە. 
 
بە گوێرەی داواکاری گشتیی دانیمارک، پیاوەکە دەستبەجێ دەستبەسەرکرابوو و لە ژێر چاودێریی پۆلیسدا خرابووە ژێر چارەسەری دەروونی. تاوەکو ئێستاش دیاری نەکراوە کەی دادگایی دەکرێت.