دۆناڵد ترەمپ لەدوای هێرشەکانی ئێران: پیرۆزە، ئێستا کاتی ئاشتییە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم کاردانەوەی لەدوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی سەربازیی عەدید لە قەتەر دەڵێت: "رەنگە ئێران ئێستا بتوانێت بەرەو ئاشتی هەنگاو بنێت و منیش هانی ئیسرائیل دەدەم هەمان شت بکات."
رۆژی یەکشەممە، 23ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە (سۆشیال تروس) رایگەیاند "ئێران بە فەرمی وەڵامی هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی داینەوە. وەکو ئەوەی دەکرد." هەروەها وەڵامەکەی ئێران بە "لاواز" ناودەبات.
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەی ترەمپ دا هاتووە: "14 مووشەکیان ئاراستە کردین، 13یان تێکشکێندران و یەکێکیشیان رێگەی پێدرا بڕوات، چونکە بەرەو ئاراستەیەکی بێ مەترسی دەڕۆیشت."
لە درێژەی پۆستەکەیدا لەبارەی وەڵامەکەی ئێران بۆ هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەی ئەمریکا بۆ سەر سێ دامەزراوەی سەرەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، ترەمپ دەڵێت، "خۆشحاڵم رایبگەیێنم کە هیچ ئەمریکییەک زیانی پێنەگەیشتووە، و زیانێکی ئەوتۆش نەکەوتووەتەوە. لە هەمووی گرنگتر، ئەوەی لە ناخیاندا بوو، هەموویان بەتاڵ کردەوە و، بەهیوای ئەوەی چیدی هیچ رقێکی دیکە نەمێنێت."
دۆناڵد ترەمپ سوپاسی ئێران دەکات و دەڵێت: "پێشتر ئاگاداری پێشوەختەیان پێدابووین، کە وایکرد هیچ کەس گیان لەدەستنەدات و کەسیش بریندار نەبێت. رەنگە ئێستا ئێران بتوانێت بەرەو ئاشتی و سازان لە ناوچەکەدا هەنگاو بنێت و، منیش بە پەرۆشەوە هانی ئیسرائیل دەدەم هەمان شت بکات."
لە پەیامێکی دیکەیدا هەر لەبارەی بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی عەیدی قەتەر کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکایە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ترەمپ گوتی "دەمەوێت سوپاسی میری زۆر بەڕێزی قەتەر بکەم بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی کە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی بۆ ناوچەکە داویەتی. سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر بنکەی ئەمریکی لە قەتەر، خۆشحاڵم رایبگەیێنم، جگە لەوەی هیچ ئەمریکییەک نەکوژراوە و بریندار نەبووە، زۆر گرنگە بڵێین کە هیچ هاووڵاتییەکی قەتەریش نەکوژراوە و بریندار نەبووە."
لە کۆتاییشدا و لە پۆستێکی جیاوازدا سەرۆکی ئەمریکا بە پیتی گەورە نووسیوویەتی، "پیرۆزبایی لە جیهان دەکەم و ئێستا کاتی ئاشتییە."