فەرەنسا هاووڵاتییانی لە ئیسرائیل دەگوازێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگریی فەرەنسا رایانگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازیی جۆری A400M دەنێرنە ئیسرائیل بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانیان لەو وڵاتەدا.
بەپێی ئامارەکان، نزیکەی 250,000 هاووڵاتیی فەرەنسی لە ئیسرائیل دەژین.
ئەم بڕیارەی فەرەنسا لە کاتێکدایە کە جەنگی ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە، دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و هێرشە مووشەکییە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، دۆخێکی ناسەقامگیر و مەترسیی ئەمنیی لە ناوچەکەدا دروستبووە.
فەرەنسا تەنیا وڵات نییە کە هەنگاوی لەم شێوەیە دەنێت. ئەمریکاش دەستی بە گواستنەوەی هاووڵاتییانی خۆی کردووە، "هۆشدارییەکی جیهانی" بۆ هاووڵاتییانی دەرکردووە، داوای لێکردوون بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە ئاستی هۆشدارییان بەرز بکەنەوە.