وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ رووداو: داخستنی گەرووی هورمز 'هەڵەیەکی گەورە' و 'زۆر مەترسیدارە'
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە "هەڵەیەکی گەورە" دەبێت و زیانی ئابووریی دەبێت. هەروەها دەشڵێت، پێشنیازیان کردووە ئێران و ئەمریکا دووبارە لە رۆما کۆببنەوە.
رۆژی دووشەممە 23ی حوزەیرانی 2025 کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێوەچوو.
ئەنتۆنیۆ تایانی، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەبارەی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بە ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداوی لە برۆکسل گوت، "پێموایە کە [داخستنی گەرووی هورمز] هەڵەیەکی گەورە دەبێت."
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئاماژەی بەوەش کرد، داخستنی ئەو گەرووە ستراتیژییە، جگە لەوەی بۆ ئابووریی ئێران "زۆر مەترسیدارە"، زیان بە ئابووریی ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی دیکە و چینیش دەگەیێنێت."
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا باسی لەوە کرد ئەم بەیانییە لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، جەختی لەسەر پێویستیی دوورکەوتنەوە لەو هەنگاوە کردووەتەوە و رایگەیاند، "ئێمە دەبێت ئەنجامی باشمان هەبێت، دەبێت درێژە بە دیالۆگ بدەین و کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەمریکا و ئێران رێکبخەین."
لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا گوتی، پێشنیازیان کردووە هەردوولایەنی ئێرانی و ئەمریکی لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆببنەوە.
هەروەها تایانی جەختی لەوەش کردەوە، بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان "گەشبین"ە و هانی دیالۆگ دەدەن.