تویتەر لۆگۆکەی لە باڵندەکەوە دەگۆڕێت بۆ X

رووداو دیجیتاڵ 

ئیلۆن مەسک رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، لۆگۆی تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لە باڵندە بەناوبانگەکەوە دەگۆڕێت بۆ پیتی ئێکس "X" کە ئەوە دوایین گۆڕانکاریی گەورە دەبێت لە تۆڕەکەدا دەکرێت دوای ئەوەی کە ساڵی رابردوو بە 44 ملیار دۆلاری کڕی. 
 
لە ژمارەیەک تویتدا، مەسک ئاماژەی بەوە کردووە، لەم شەوەوە لۆگۆی تویتەر دەگۆڕێت و تا رۆژی دووشەممە، بەکارهێنەری تۆڕەکە لە سەرانسەری جیهان لۆگۆ نوێیەکی دەبینن. 
 
لە تویتێکدا مەسک دەڵێت: "لە ماوەیەکی نزیکدا ماڵئاوایی لە براندی تویتەر و دواتر قۆناخ بە قۆناخ لە هەموو باڵندەکان دەکەین."
 
ئاڵن ئادەمسن، راوێژکاری بواری تەکنەلۆجی دەڵێت، گۆڕانکارییەکە جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە مەسک مێژوویێکی درێژی لەگەڵ پیتی "X"دا هەیە.
 
تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بەڕێوەبەر جێبەجێکارە ملیاردێرەکەی تێسلا ئاشکرایکرد، "کڕینی تویتەر خێراکردنێکە بۆ دروستکردنی X، ئەپڵیکەیشنی هەموو شتێک."
 
کۆمپانیای مووشەکەکانی مەسک، Space Exploration Technologies Corp دامەزراوەی تەکنەلۆژیای بۆشاییگەری، بە ناوی سپەیس ئێکس SpaceX ناوبانگی دەرکردووە. 
 
لە ساڵی 1999ش، مەسک کۆمپانیایێکی ئۆنڵاینی بۆ ناردن و وەرگرتنی پارە بە ناوی  X.com دامەزراند کە ئێستا بە PayPal دەناسرێت، هەروەها ناوی بچووکترین منداڵی ناوە  X Æ A-12 کە بە "ئێکس ئاش ئەی توێڵڤ" دەخوێنرێتەوە.
 
مەسک رۆژی یەکشەممە لە تویتێکدا گوتی: "من حەزم لە پیتی ئێکسە." بەڵام بیرۆکەی گۆڕینی لۆگۆکە هەر لەسەر تویتەر رەخنەی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا. 
 
ئادەمسن دەڵێت، گۆڕانکارییەکە دەبێتە هۆی سەرلێشێوانی بەشێکی گەورەی بەکارهێنەرانی تویتەر چونکە پێشتریش مەسک گۆڕانکاریی گەورەی لە تۆڕەکەدا کردووە. 
 
پێشتر هەر لەم مانگەدا، ئیلۆن مەسک ژمارەی ئەو تویتانەی بەکارهێنەر لە رۆژێکدا دەیانبینێت، سنووردار کرد، کە رەخنەی زۆری لێ کەوتەوە و مەترسیی ئەوەی بۆ تۆڕەکە دروستکرد کە کۆمپانیا و بازرگانییەکان کەمتر بۆ ریکلامکردن بەکاریبێنن. 
 
بینینی ژمارەیەکی زیاتری تویتەکان کراوەتە یەکێک لەو خزمەتگوزاریانەی کە تەنیا ئەو بەکارهێنەرانە سوودی لێ دەبینن کە مانگانە هەشت دۆلار بە تویتەر دەدەن. 
 
مەسک ئەمساڵ پلانی بەشداریکردنە هەشت دۆلارییەکەی راگەیاند بۆ ئەوەی داهاتی تویتەر بەرزبکاتەوە. لەو کاتەوەی کە مەسک تۆڕەکەی کڕیوە، داهاتەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. 
 
بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان و رێگریکردن لە مایەپووچبوونی تویتەر، مەسک سێ لەسەر چواری ستافی تۆڕەکەی لەکارلادا. 
 
مانگی ئایار، مەسک، لیندا یاکارینۆی بەڕێوەبەری پێشووی NBC UNIVERSALی بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر دەستنیشانکرد. 
 
راکێشانی ریکلامکەرەکان بۆ مەسک و تویتەر گرنگ و پێویستە، چونکە لە مانگەکانی سەرتای کڕینییەوە لە لایەن مەسک، ژمارەیەکی زۆریان سەکۆکەیان بەجێهێشت، چونکە مەترسیی ئەوەیان دەکرد بەهۆی ئەو پشێویەی کە هەبوو، زیان بە براندەکانیان بگات. 
 
هۆکارەکەش ئەوەیە کە بەشێکی کۆمپانیا و بازرگانییەکان پێیانوایە، مەسک رێگەیداوە رق و کینەی زیاتر لە تویتەر بڵاوبکرێتەوە و بەکارهێنەرانی تۆڕەکە بتۆرێن، بەڵام مەسک ئەم تۆمەتە رەتدەکاتەوە. 
 
مانگی نیسانی ئەمساڵ، مەسک گوتی، ریکلامکەرەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام وردەکارییەکانی نەخستنەڕوو. 
 
گۆڕینی لۆگۆی تویتەر هەروەها دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای مێتا ئەپێکی نوێی بە ناوی سرێدز بۆ رکابەرایەتیکردنی تویتەر راگەیاند، کە لە پێنج رۆژی دەستپێکیدا 100 ملیۆن بەکارهێنەری ئینستاگرام ناوی خۆیان تێیدا تۆمارکرد و بە رکابەرێک بۆ تویتەر تەماشاکرا، چونکە ئەویش بە هەمان شێوەی تویتەر رێگە بە بەکارهێنەر دەدات نووسین بڵاوبکاتەوە، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی کە رۆژی 21ی تەممووز بڵاوکراوەتەوە، سرێدز نەیتوانیوە پارێزگاری لەو لێشاوە بەکارهێنەرە بکات کە لە رۆژەکانی سەرەتادا رووی تێ کردبوون، بە جۆرێک کە 70٪ی بەکارهێنەرەکانی کەمبوونەتەوە.