بەریتانیا بەهۆی پەڕینەوەی کۆچبەران سزای بەسەر 25 کەس و لایەندا سەپاند

 
رووداو دیجیتاڵ

بەریتانیا رایگەیاند، سزای بەسەر زیاتر لە 25 کەس، گرووپ و دابینکاردا سەپاندووە کە تۆمەتبارن بە یارمەتیدانی قاچاخچیی کۆچبەران لە نۆکەندی ئینگلیز.
 
رۆژی چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025 وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، سزاکان ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە "پاڵنەری کۆچی نایاسایین بۆ بەریتانیا"، سەروەت و سامانیان سڕ دەکرێت و گەشتییان لێ قەدەخە دەکرێت.
 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە حکومەتی بەریتانیا رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک لە باکووری فەرەنساوە، بەتایبەتی کە ژمارەیان ئەمساڵ گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.
 
ئەوانەی سزاکە دەیانگرێتەوە، دابینکارانی بەلەمی بچووک لە چین، پارەگوێزەرەوە "حەواڵە" لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، سەرکردەی باندەکان لە باڵکان و باکووری ئەفریقان.
 
دەیڤید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، ئەمەی بە "ساتێکی مێژوویی لە کاری حکومەتدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوانی کۆچی رێکخراو" وەسفکرد.
 
هەروەها گوتی: "لە ئەورووپاوە تاوەکو ئاسیا، ئێمە شەڕەکە دەبەینە لای ئەو قاچاخچییانەی مرۆڤ کە ئاسانکاری بۆ کۆچی نایاسایی دەکەن و لە هەر شوێنێکی جیهان بن، دەیانکەینە ئامانج."
 
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پەیامێکیشی ئاراستەی باندەکان کرد و گوتی، "پەیامم بۆ ئەو باندانەی کە بێباکانە ژیانی کەسانی لاواز دەخەنە مەترسییەوە بۆ قازانجکردن ئەوەیە: ئێمە دەزانین ئێوە کێن و لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری جیهاندا کاردەکەین بۆئەوەی لێپێچینەوەتان لەگەڵدا بکەین."
 
تێکشکاندنی باندەکان
 
لەنێو لیستی سزادراون، 20 کەس، چوار باند و کۆمپانیایەک هەن. 
 
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ساڵێک لەمەوبەر دەسەڵاتی گرتەدەست و بەڵێنیدا لە رێگەی "تێکشکاندنی باندەکان" رێگری لە کۆچی نایاسایی بکات، بەڵام رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە. 
 
ئەم پرسە لە بەریتانیا بووەتە بابەتێکی مەترسیداری سیاسی و وەک هۆکارێک بۆ بەرزبوونەوەی رەوتی راستڕۆی تووندڕۆ سەیر دەکرێت.
 
لەنێو ئەو کەسانەی رۆژی چوارشەممە سزادران، 'بلێدار لالا' هەبوو، کە وەک ئەلبانییەک ناوی هێندراوە کە "ئۆپەراسیۆنەکانی بەلجیکا"ـی گرووپێکی تاوانکاری رێکخراوی بەڕێوەبردووە و  لە پەڕاندنەوەی کۆچبەراندا تێوەگلاوە. 
 
هەروەها ئالێن بازیل، وەرگێڕی پێشووی پۆلیسی بەریتانیا، لە لیستەکەدا بوو کە بەریتانیا دەڵێت دواتر بووەتە سەرکردەی تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتی لە سڕبیا.
 
کەسێکی دیکە کە بە "سەرۆکی باند" ناوبراوە و سزا دراوە، محەممەد تێتوانی-یە، کە لەندەن بە "پاشای هۆرگۆس" ناوی دەبات بەهۆی سەرپەرشتیکردنی تۆڕێکی قاچاخچێتی لە هۆرگۆس لە سڕبیا.
 
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، محەممەد تێتوانی سەرکردایەتی باندی قاچاخچێتی مرۆڤی کردووە کە "وەک یەکێک لە تووندووتیژترین باندەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ لە باڵکان ناسراوە... وا باس دەکرێت کە کۆچبەران وەک بارمتە دەهێڵنەوە و دەستدرێژی سێکسی دەکەنە سەر ئەو ژنانەی ناتوانن پارەی داواکراو بدەن."
 
پاکێجی سزاكان حەوت قاچاخچیی دیکەی کردووەتە ئامانج كە پەیوەندییان بە عێراقەوە هەیە، هەروەها سێ كەسیش تۆمەتبار كراون بە بەكارهێنانی سیستمی بانكیی "حەوالە" بۆ كۆچی نایاسایی.
 
جگە لە بەئامانجگرتنی باند و سەرکردەکانیان لە باکووری ئەفریقا و باڵکان، سزاکە کۆمپانیایەکی چینی بەناوی (Weihai Yamar Outdoor Product Co) کردووەتە ئامانج، کە لەسەر ئینتەرنێت رێکلامی بۆ بەلەمە بچووکەکانی کردووە.