زیلینسکی: رووسیا نایەوێت جەنگ رابگرێ


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێ، ئەمریکا ئامادەیی نیشانداوە لە دابینکردنی گەرەنتیی ئەمنی بۆ ئۆکراینا بەشدار بێت. 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی دەڵێت، هەبوونی گەرەنتیی ئەمنی، هەنگاوی یەکەمە بۆ پاراستنی ئۆکراینا لە هەر هێرشێکی دیکەی رووسیا.
 
زیلینسکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کیێڤ رایگەیاند، "رۆژانە" دانوستاندنەکان لەسەر ئاستی سەربازی، دیپلۆماسی و راوێژکاری بەردەوامن بۆ داڕشتنی گەرەنتییە ئەمنییەکان.
 
سەرۆکی ئۆکراینا گوتی، ئامانجی کۆتاییان بەدەستهێنانی پارێزبەندییەکی هاوشێوەی مادەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆیە.
 
زیلینسکی گوتیشی: "ئۆکراینا پێویستی بە گەرەنتیی ئەمنییە تاوەکو منداڵ و نەوەکانمان بە روونی بزانن کە رووسیا هێرشمان ناکاتە سەر. ئەمانە گەرەنتین بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەمان، چونکە دەستدرێژیکار رووسیایە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا قسەکانی مۆسکۆی رەتکردەوە کە گوایە ئەوانیش پێویستیان بە گەرەنتییە و گوتی: "ئەوان هێرشیان کردە سەرمان. ئەوان لەسەر خاکی ئێمەن. من بە تەواوی تێناگەم دەستدرێژیکار پێویستی بە چ جۆرە گەرەنتییەکە."
 
سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، رووسیا "مەرجی قورس" بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی خۆی لە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بدزێتەوە و گوتی: "کێشەکە کۆبوونەوە نییە، کێشەکە ئەوەیە کە ئەوان نایانەوێت کۆتایی بە شەڕەکە بێنن."
 
زیلینسکی گوتیشی، کیێڤ ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەگەڵ رووسیا و "ئێمە ئامادەین بۆ کۆبوونەوەی دووقۆڵی، پاشان سێقۆڵی. با قسە لەسەر کات و شوێنەکەی بکەین."