رووسیا کۆنترۆڵکردنی دوو گوندی لە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ

رووسیا ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، هێزەکانی دوو گوندیان لە هەرێمی دۆنێتسکی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا کۆنترۆڵ کردوون، ئەمەش لەکاتێکدایە گوشارە سەربازییەکانی لە گۆڕەپانی جەنگ زیاتر کردووە و سەرکردەکانی جیهانیش هەوڵەکانیان بۆ نێوەندگیری و کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چڕکردووەتەوە.
 
هێزەکانی رووسیا وردە وردە پێشڕەوی دەکەن و تاوەکو دێت لە هێڵە بەرگرییە سەرەکییەکانی ئۆکراینا نزیکتر دەبنەوە. وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، هێزەکانیان گوندەکانی سرێدنی و کلیبان بیک-یان کۆنترۆڵکردووە.
 
کۆنترۆڵکردنی کلیبان-بیک بە واتای پێشڕەویی زیاترە بەرەو شارۆچکەی کۆستانتینیڤکا، کە شارۆچکەیەکی سەرەکییە لەسەر رێگەی کراماتۆرسک، کە بنکەیەکی گەورەی لۆجستیی ئۆکراینای تێدایە.
 
رۆژی هەینی، رووسیا رایگەیاندبوو هێزەکانی سێ گوندی دیکەیان لە هەرێمی دۆنێتسک کۆنترۆڵکردووە، ئەو هەرێمەی کە مۆسکۆ لە ئەیلوولی 2022ـەوە خستوویەتییە سەر خاکی خۆی.
 
ئەم پێشڕەوییانەی رووسیا لە کاتێکدایە، هیواکان بۆ بەستنی لووتکەیەک لەنێوان سەرۆکانی رووسیا و ئۆکراینا کەمبوونەتەوە؛ چارەسەرێک کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە، بانگەشەی بۆ دەکرد.
 
رۆژی هەینی، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "هیچ کۆبوونەوەیەک" لە ئارادا نییە، چونکە هەوڵەکانی نێوەندگیریی ترەمپ وەستاون. هاوکات ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، رووسیا هەوڵدەدات جەنگەکە درێژ بکاتەوە.
 
هەر رۆژی هەینی، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەدا بڕیارێکی "گرنگ" سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاشتی لە ئۆکراینا دەدات و روونیکردەوە، رەنگە مۆسکۆ رووبەڕووی سزای زۆر قورس ببێتەوە، یان رەنگە "هیچ نەکات".