رۆبەرت فۆرد: ئەمریکا لە عێراق و سووریا ناکشێتەوە و گرنگی بە بنکە سەربازییەکەی هەولێر دەدات
رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو ئەمریکا هاوکاریی سەربازیی پێشمەرگەی کرد و برادلیی ناردە رۆژئاوای کوردستان. دوای چڕبوونەوەی سەرنجی ئەمریکا لە سووریا و عێراق. رۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا رایدەگەیێنێت، "ئەمریکا بە تەواوی لە عێراق و سووریا ناکشێتەوە". باسی بنکە سەربازییەی ئەمریکاش لە هەولێر دەکات و دەڵێت، "بۆ ئەمریکا گرنگیی تایبەتی هەیە".
رۆبەرت فۆرد لەگوتارێکدا کە بۆ رۆژنامەی شەرق ئەوسەتی نووسیوە، ئاشکرایکردووە، ئەمریکا لە عێراق بەتەواوی ناکشێتەوەو راهێنان بە هێزەکانی عێراق دەکەن لە نێو بنکە سەربازییەکان و پاڵپشتی لۆجیستی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکاش دەکەن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
فۆرد نموونە بە راپۆرتێکی پەیمانگەی راند دێنێتەوە و دەڵێت:" کشانەوەی تەواوی ئەمریکا لە عێراق ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و جێبەجێکردنیان لە سووریا زەحمەت دەکات."
جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، رۆژی سێشەممە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی ، سەرۆکی حکومەت کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکان "پشتگیریی ئەمریکای بۆ کورد و پێشمەرگە دووپاتکردووەتەوە". جێفری لە کۆبوونەوەکاندا ئاماژەی بە پێگەی "گرنگ و ستراتیجی"ـی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەت لەبارەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و سووریا، گرنگیی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش کراوە.
ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەردانەکەی جەیمیس جێفری بەردەوامیدانە بە پرس و راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکە لەنێویاندا هەولێر و گرنگە بۆ ئەوان پاڵپشتی لە هێزە ئەمنییەکان بکەن بەتایبەت پێشمەرگە کە لە شەڕی دژ بە داعشدا بەشداربووە.
هەر هەمان رۆژی سێشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ کەڤن کۆپسی، جێگری فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کۆبووەوە. بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیران، جەخت لە بەردەوامیدان بە راهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە کراوەتەوە "بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان".
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لە وتارەکەیدا ئاماژە بە هاوکارییەکانی چەند رۆژی رابردووی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەولێر دەکات و دەڵێت:" ئەو بنکە سەربازییەی ئەمریکا لە هەولێر هەیەتی گرنگییەکی تایبەتی هەیە، رێککەوتیش نییە ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هەفتەی رابردوو سەردانی هەولێری کرد و هاوکاری سەربازی بە بڕی 250 ملیۆن دۆلار گەیاندە هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتێکدا هەولێر کێشەی گەورەی دارایی هەیە".
فۆرد لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دەنووسێت: "هەردوو وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا رەتی دەکەنەوە هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بکشێنەوە، ئەوەش بۆ گوشار خستنەسەر رووسیا،خودی ترەمپیش لاری نییە لە مانەوە لە سووریا، چونکە هیچ کوژراوی نییە لە ریزی سەربازان و خەرجی و بودجەی مانەوەی هێزەکانیشی کەمە".
فۆرد پێیوایە هێشتا ئەرکی ئەمریکا لە سووریا ئامانجەکەی گوشار خستنە سەر ئەسەدە بۆ سازشی گەورەی سیاسی لە دانوستاندنەکانی جنێڤ، لەگەڵ ناچارکردنی ئێران بۆ ئەوەی لە سووریا بکشێتەوە، لەکاتێکدا جەیمس جێفری نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، سەرەتای ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە هەوڵی دا رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان بکرێت، بە ئامانجی گوشاری سیاسی لەسەر دیمەشق.
فۆرد لە کۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت:"واشنتن هەوڵدەدات بە سەرکردەکانی کورد لە سووریا بڵێت هێزەکانی لە داهاتوودا تاوەکو ئەو کاتەی رژێمی سووریا دەڕووخێت ، دەمێننەوە، ئەوەش پەیامێکی جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لە واشنتن بە ئەمریکییەکان دەگوترێت لەبارەی کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
چەند رۆژێک لەمەوبەریش سوپای ئەمریکا رایگەیاند سەربازی زیاتر، تانک و ئۆتۆمبێلی جەنگیی جۆری "برادلی" و راداری پێشکەوتوو دەنێرێتە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر و جموجووڵی فڕۆکە جەنگییەکانیش لە ئاسمانی ناوچەکەدا زیاد دەکات.
بیڵ ئێربن، گوتەبێژی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، "ئەم هەنگاوانە ویستی روونی ئەمریکا بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانی هاوپایمانان پیشان دەدەن. لە هەمان کاتدا ئەم هەنگاوانە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەتوانن ئەرکەکانی خۆیان تایبەت بە تێکشکاندنی داعش جێبەجێبکەن بەبێ ئەوەی دەستوەردان لە ئەرکەکەیاندا بکرێت".
ژمارەی ئەو سەربازانەی دەگوازرێنەوە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نزیکەی 100 سەرباز دەبن.
ئەوە لە کاتێکدایە تاوەکو چەند رۆژێک پێش ئێستا زیاتر لە 500 سەرباز و راوێژکاری سەربازیی ئەمریکی لەوێ بوون. لە هەمان کاتدا ئەمریکا ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلی جەنگیی جۆری برادلی، راداری جۆری سێنتینێڵ دەنێرێتە ناوچەکە.