روبیۆ بۆ شەرع: پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سووریا گرنگن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی سووریا لە ئەمریکا کۆبوونەوە. وەزیرە ئەمریکیەکە رایگەیاند، باسی سەقامگیریی سووریا و گرنگی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلیان کرد. 
 
رۆژی دووشەممە، 22ی ئەیلوولی 2025، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئێکس بڵاویکردەوە، "لەگەڵ شەرع، سەرۆکی سووریا، کۆبوومەوە سەبارەت بە ئامانجە هاوبەشەکانمان بۆ سەقامگیری و سەروەریی سووریا و ئەو هەوڵانەی بۆ ئاشتی و پێشکەوتن بۆ هەموو سووریاییەکان هەن." 
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، "گفتوگۆمان کرد لەبارەی جێبەجێکردنی راگەیێندراوە مێژووییەکەی سەرۆک ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکان و گرنگیی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سووریا." 
 
ئایاری ئەم ساڵ، ترەمپ لە سعودیە رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشێکی سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگریت. 
 
ساڵی 2011 و دوای دەستپێکی خۆپێشاندان و دواتر شۆڕشی سووریا، ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ژمارەیەک سزایان بەسەر سەرۆک و بەرپرسەکانی دیکەی سووریادا سەپاند. 
 
کانوونی یەکەمی رابردوو، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەو کاتی سووریا حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان رووخاند. دواتر، ئەو هێزانە حکومەتێکی کاتییان لەو وڵاتە دامەزراند. 
 
ئەحمەد شەرع، کانوونی یەکەمی 2024 بووە سەرۆکی سووریا و یەکەمجارە بەشداری لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمریکا دەکات.