وەزیری دەرەوەی ئێرلەندا بۆ رووداو: بڕیارمان داوە دەرفەتێک بدەینە حکومەتی نوێی سووریا

رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا کە هاوکات وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیە بە رووداوی راگەیاند، ئەگەر سووریا چاکسازی نەکات، ئەو کاتە دەکرێ یەکێتی ئەورووپا سزای بەسەردا بسەپێنێتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 23ـی ئەیلوولی 2025، سایمۆن هاریس، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا بە نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە نەتەوە یەکگرتووەکان راگەیاند: "لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا کاردەکەین."
 
لەبارەی سووککردنی سزاکانی سەر سووریا، سایمۆن گوتی: "هەندێک بڕیارمان پەیوەندیدار بە کەمکردنەوەی سزاکان داوە تاوەکو رێگە بە حکومەتی نوێی بدەین پابەندیی خۆی بۆ چاکسازی نیشان بدات و دەرفەتێکی پێبدەین."
 
ئەو بەرپرسەی ئێرلەندا هۆشداریدا کە ئەگەر سووریا چاکسازی نەکات، "میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکان هەیە و بە مێشکێکی کراوە لەسەر هەموو ئەو پرسانە گفتوگۆ دەکەین. لە رێگەی یەکێتی ئەورووپاوە ئەو شتە دەکەین."
 
یەکێتیی ئەورووپا لە ساڵی 2011 سزای بەسەر سووریادا سەپاند، ئەوەش دوای ئەوەی حکومەتی بەشار ئەسەد دەستی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەو وڵاتە کرد. 
 
سزاکان گەمارۆی سەر کەرتی نەوت، سنووردارکردنی کەرتی بانکی و گواستنەوە، قەدەخەکردنی هەناردەکردنی ئەو کەلوپەلانەیان لەخۆگرتبوو کە دەکرا بۆ سەرکوتکردن سوودیان لێ وەربگیرێ. سەدان کەسایەتی و دامەزراوە رووبەڕووی قەدەخەی گەشتکردن و سڕکردنی سامانەکانیان بوونەوە.
 
لە ساڵی 2025 و دوای گۆڕانکاری دەسەڵات لە سووریا، یەکێتیی ئەورووپا ئاراستەی کار و سیاسەتی گۆڕی و لە مانگی شوباتدا سنووردارییەکانی سەر کەرتی وزە، گواستنەوە و بانکی هەڵپەسارد، هەروەها لە مانگی ئایاردا زۆربەی سزا ئابوورییەکانی بەتەواوی هەڵگرت.
 
یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، سووککردنی سزاکان مەرجدارە و ئەگەر سووریا لە هەنگاوەکانی پاشگەز بێتەوە، رەنگە بڕیارەکە هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سایمۆن هاریس، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا:
 
نامۆ عەبدوڵڵا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە نیویۆرک: ئێوە پاڵپشتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینن. ئەی هەڵوێستتان لەسەر خواستی کورد لە سووریا بۆ خۆبەڕێوبەری چییە؟ لەوێ حکومەتێکی ئیسلامی نوێ هەیە و کورد داوای بەڕێوەبردنی ناناوەندی دەکات. هەڵوێستی ئێرلەندا لەوبارەیەوە چییە؟
 
سایمۆن هاريس، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا و وەزیری بەرگری و دەرەوەی ئەو وڵاتە: لە ئاستی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا کاردەکەین. ئاشکرایە، هەندێک بڕیارمان پەیوەندیدار بە کەمکردنەوەی سزاکان داوە، تاوەکو رێگە بە حکومەتی نوێی بدەین پابەندی خۆی بۆ چاکسازی نیشان بدات و دەرفەتێکی پێبدەین. سەبارەت بەوە، میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکانمان هەیە. بە مێشکێکی کراوە لەسەر هەموو ئەو پرسانە گفتوگۆ دەکەین. لە رێگەی یەکێتیی ئەورووپاوە ئەو شتە دەکەین.