لە ئەمریکا لەبەر وشکەساڵی پەنا بۆ شیرینکردنی ئاوی دەریا دەبردرێت

رووداو دیجیتاڵ 

شارۆچکەی ساند ستی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا؛ ویلایەتەکە بە وشکەساڵییەکی مێژووییدا تێدەپەڕێت. بۆ رزگاربوون لە بێ ئاوی، بەرپرسانی ویلایەتەکە پەنادەبەنە بەر شیرینکردنی ئاوی دەریا لە رێگەی وێستگەی تایبەتەوە.
 
یەکێک لەو وێستگانە لە ساند ستی کە 10 ساڵ لەمەوبەر بە تێچووی 12 ملیۆن دۆلار دامەزرێندراوە. ئەو کەسانەی لەسەر وێستگەکە کاردەکەن، باس لەوە دەکەن کە وێستگەکە زیاد لە تێچووی خۆی سوودی هەبووە و لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا بەردەوام ئاوی خواردنەوەی بۆ ئەو ناوچەیە دابینکردووە کە نزیکەی 400 کەس تێیدا دەژین. 
 
کریستۆفەر کووک، بەڕێوەبەری کاری تەکنیکی لە فەرمانگەی ئاوی کالیفۆرنیا دەڵێت "لە شیرینکردنی ئاوی سوێردا، تێچووی وزەت هەیە، تێچووی سەرەتایی و سەرمایەت هەیە، بەڵام ئەو قازانجەی کە دەستدەکەوێت ئەوەیە کە وشکەساڵی کارت تێناکات."
 
لە نزیک کەناری دەریا، بیری ئاو لێدراوە کە ئاوەکەیان نیمچەسوێر و نیمچەشیرینە، لەوێشەوە لە رێگەی پەمپی تایبەتەوە ئاوەکە رەوانەی وێستگەکە دەکرێت.
 
لەنێو وێستگەکەدا، فیلتەرەکان ئاوەکە دەپاڵێون، واتە کانزا و خوێکەی لێ جیادەکەنەوە، دواتریش ماددەی کلۆری تێدەکرێت بۆ ئەوەی لە میکرۆبەکان پاکبێتەوە و بە کەڵکی خواردنەوە بێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، تامی ئاوی سرووشتی نییە. 
 
کای ریکس، دانیشتووی ساند سیتی، کالیفۆرنیا دەڵێت "پێویست بوو ئامێری پاڵاوتنی ئاو دابنێین. ئاوەکە باشترین تامی نییە. بەڵام هەرچۆنێک بێت بە کەڵکی خواردنەوە دێت و سەلامەتە."
 
ئێستا لە سەرانسەری ویلایەتی کالیفۆرنیا، 12 وێستگەی شیرینکردنی ئاوی دەریا هەن. حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا بڕیاریداوە زیاتر لە 5 ملیار دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی تەرخان بکات، یەکێک لە رێگەکانیشی ئەوەیە کە وێستگەی زیاتری لەو شێوەیە دروستبکات.