کۆریای باکوور: چەکی نوێمان تاقیکردووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کۆریای باکوور رایگەیاند، سیستمی چەکێکی "پێشکەوتوو"ی نوێی بە سەرکەوتوویی تاقیکردووەتەوە کە پشت بە مووشەکی هایپەرسۆنیک دەبەستێت، ئەمەش وەکو هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانی لە بەرامبەر ئەوەی بە "دوژمنانی پیۆنگیانگ" ناوی دەبات.
 
تاقیکردنەوەی سیستەمەکە رۆژی چوارشەممە لەلایەن سوپای کۆریای باشوورەوە کرا، یەکەمین تاقیکردنەوەی مووشەکیی پیۆنگیانگ بوو لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا و گرژییەکانی لە ناوچەکە زیاتر کردووە. 
 
ئەم هەنگاوە تەنیا هەفتەیەک پێش ئەوە دێت کە سەرکردەکانی جیهان، لەنێویاندا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەیەکی گەورەی هەرێمیی APEC روو لە کۆریای باشوور دەکەن.
 
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور KCNA بڵاویکردەوە، پاک جۆنگ چۆن، بەرپرسێکی باڵای سەربازی رایگەیاندووە، "تاقیکردنەوەی سەرکەوتووانەی سیستمی چەکی نوێی پێشکەوتوو بەڵگەیەکی روونە لەسەر بەرزکردنەوەی بەردەوامی توانای تەکنیکیی بەرگریی نێوخۆیی کۆماری دیموکراتیی گەلی کۆریا و رێڕەوی گەشەسەندنی خێرای."
 
میدیای فەرمیی کۆریای باکوور ئاماژەی بەوە نەکردووە کە کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی وڵاتەکە، ئامادەی هەڵدانەکە بووبێت.
 
بەگوێرەی میدیای کۆریای باکوور، دوو "سەرە مووشەکی هایپەرسۆنیک" لە ناوچەیەکی باشووری پیۆنگیانگی پایتەختەوە هەڵدراون و بە وردی ئامانجێکی دیاریکراویان لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵاتەکە پێکاوە. وێنەکانیش کە لەلایەن KCNAـوە بڵاوکراونەتەوە، مووشەکێک نیشان دەدەن، پێش ئەوەی بەر ئامانجێک بکەوێت.
 
مووشەکە هایپەرسۆنیکەکان بە خێرایی زیاتر لە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ دەڕۆن و دەتوانن ئاراستەیان بگۆڕن، ئەمەش وادەکات شوێنپێهەڵگرتن و رێگریکردن لێیان سەختتر بێت. 
 
لەگەڵ ئەوەی میدیای کۆریای باکوور وردەکاریی لەبارەی مەودا، گۆشەی رێڕەو یان خێرایی مووشەکە نوێیەکان بڵاونەکردەوە، یانگ موو جین، سەرۆکی پێشووی زانکۆی توێژینەوەکانی کۆریای باکوور لە سیئۆل دەڵێت، ئامادەنەبوونی کیم لە هەڵدانەکەدا رەنگە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی پیۆنگیانگ هەوڵیداوە کاریگەرییەکەی "کەم بکاتەوە" بۆ ئەوەی دەرگای دیپلۆماسی بە تەواوی دانەخات.
 
یانگ هەروەها گوتیشی، "بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی مەوداکەی، مووشەکە هایپەرسۆنییەکە بە روونی ئاراستەی کۆریای باشوور کراوە."