مارک سەڤایا نیگەرانی یان خۆشگوزەرانی بۆ عێراق دەهێنێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم هەفتەیە سەرۆکی ئەمریکا پیاوێکی بە رەچەڵەک عێراقیی بەناوی مارک سەڤایا کردە نوێنەری تایبەتی خۆی بۆ عێراق. بەڵام ئایا لە راستیدا مارک کێیە و کێ لە عێراق دڵخۆش دەبێت و کێ دەبێت نیگەرانی دەستنیشانکردنی ئەم گەنجە 40 ساڵە بن. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە رووداو لە میشیگنە، ئەو ویلایەتەی کە مارک لێی گەورە بوو، تاوەکو لەگەڵ خانەوادەکەی و ئەو کەسانەی لە نزیکەوە دەیناسن گفتوگۆ بکات. 
 
لە یەکێک لە ناوازەترین ناوچەکانی میشیگن، نزیک دەریاچەی کاس، ئەو خاڵەی مارک دەژی کە لە هەرزکاریدا سپۆنسەری کرد لەگەڵ خێزانە کریستیانەکەیدا بۆ ژیانێکی نوێ بێتە ئەمریکا و بارودۆخی ناجێگیری عێراق جێبهێڵێت.
 
عیسام سەتام، خاڵی مارک سەڤایە، بە رووداوی گوت: "پێموایە مارک 16 یان 17 ساڵ بوو کاتێک کۆچیکرد بۆ ئەمریکا. زۆر زیرەک بوو، زۆر خێرا فێردەبوو، زۆر خێرا فێری زمان بوو، زۆر بەخێرایی پێشکەوتنی بەدەستهێنا، هەمیشە خێزانەکەی سەرسام دەکرد بەوەی چەندە زیرەک و بوێر و ژیرە."
 
مارک لێرە گەورە بووە کە تەنیا تابلۆی دووکانەکان رەنگە بەس بن بۆئەوەی بزانیت گەورەترین جالیەی عێراقی و کلدانی لێرەیە. واتا ئەگەر مارک لە عێراقیش دوور بووبێت، بەتەواوی لە کولتوورەکەی دانەبڕاوە. 
 
مارک سەڤایا بەمە ناسراوە، بزنسی 'لیف ئەند بەد' بەناوبانگترین براندی مەریوانایە لەم ویلایەتە. ئەگەر سەیری دیوارەکە بکەیت دەبینیت ناوی لەسەر دیوارەکە هەیە.
 
بەڵام چۆن ئەم بزنسمانە کلدانییەی بەغدا توانی یارمەتیی ترەمپ بدات دەنگی موسڵمانەکانی ویلایەتەکە بباتەوە؟
 
سام یۆنۆ، سیاسەتمەداری کلدانی-ئەمریکی، لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت: "ساڵی رابردوو لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ بۆ ساڵی 2024، زیاتر مارکم ناسی و بەیەکەوە کارمان کرد. پێکەوە بەشداریمان لە چەندین بۆنە و کۆبوونەوەی جەماوەریدا کرد. ئەو زۆر پشتگیریی دۆناڵد ترەمپی دەکرد. بڕێکی باش لە پارە و کاتی خۆی تەرخان کرد بۆ دڵنیابوون لەوەی دۆناڵد ترەمپ سەردەکەوێت."
 
ئەم پیاوە بە ئەزموونە لەگەڵ ئیدارە جیاوازەکانی ئەمریکادا کاری کردووە، دوو خەسڵەتی مارک رووندەکاتەوە کە دەکرێت لە یەکەم پۆستی سیاسیدا هاوکاریی بکەن.
 
سام یۆنۆ، سیاسەتمەداری کلدانی-ئەمریکی بۆ رووداو قسەی کرد: " خاڵی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئەو پەیوەندیکارێکی باشە. قسەزانێکی باشە، و پێموایە کەسێکی سازشکارە."
 
بزنسمانێکی دیکەی میشیگن کە لەنزیکەوە مارک دەناسێت، دەڵێت گرووپە چەکدارەکانی نزیک ئێران دەبێت نیگەرانی هاتنی ئەو لاوە بن.
 
ئەسعەد کەلەشۆ، بزنسمانێکی عێراقی-ئەمریکی لە میشیگن، بە رووداوی گوت: "ئەمریکا هەڵە بوو لە بە جێهێشتنی عێراق بۆ ئەو کەسانەی کە جەماوەریان لە نێو نوێنەرەکانی ئێران هەیە. ئێستا، بەڕێز سەرۆک، بە ئەگەری زۆرەوە بە تەواوی دەزانێت چی پێویستە بکرێت، بە هیوای ئەوەی مارک و ئەوانی دیکە بتوانن یارمەتی بدەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارە."
 
تەنانەت ئەو عێراقییانەش کە لەنزیکەوە مارک ناناسن، هیوادارن ئەم بزنسمانە جیاواز لە دیپلۆماتکارە نەریتییەکان لەگەڵ عێراقدا مامەڵە بکات و یارمەتیی وڵاتەکە بدات بکەوێتە سەر رێگەی گەشانەوە.
 
ئومێد عەلی، بزنسمانی کورد لە میشیگن، بە رووداوی گوت: "ئێمە هەموومان پشتگیری دەکەین و سەرکەوتوو دەبێت، لەبەر ئەوەی دابونەریتی عێراقی هەیە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەکان لە ناوەوە و دەرەوە هەیە." 
 
هاوکات، محەممەد موسەوی، چالاکڤانی سیاسیی عێراقی-ئەمریکی دەڵێت: "ئەو دەتوانێت هەموو شتێک لە عێراقدا بکات. عێراق پێویستی بە شارەزایی و کەسانی زیرەک هەیە. لە عێراقدا کەسانی زیرەک هەن، بەڵام تەنیا مارک دەتوانێت دەرگە بۆت بکاتەوە لە دەرەوەی وڵات."
 
لە کۆچبەرێکی لاوەوە بۆ نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا، گەشتی مارک لەلایەک چیرۆک تموحە، لەلایەک هەوڵدان. ئەو لاوەی کە رۆژانێک ناچار بوو وڵاتی باوپیرانی جیبهێڵێت ئەمڕۆ هەلی بۆ رەخساوە کاریگەری لەسەر داهاتووی دروستبکات.